سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان: بڕیاری زیندانیكردنی دەستگیركراوانی بادینان مایەی قبوڵ نیە

16/02/2021

دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر 5 رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنیدا سەپاند و سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش پڕۆسەكە بە دادگاییەكی سیاسی ناودەبات و رایدەگەیەنێن ئەو بڕیارە مایەی قبوڵ نیە و لەسەر ئەو كەیسە راپۆرتێك بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز دەكاتەوە.

دوای بڕیارەكەی دادگا، گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لەبەردەم بینای دادگای هەولێر بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: ئەوەی ئێمە تێبینیمان كردوە لەماوەی دو رۆژی دادگاییكردنی ئەو ژمارە چالاكوان و رۆنامەنوسانەدا، هیچ كام لەو بەڵگانەی كە خرانەروِ، هیچ بەڵگەی ئەوە نەبون كە ئەمانە لە هەرێمی كوردستاندا هیچ كارێكی خراپیان كردبێت كە بەجۆرێك لە جۆرەكان سیخوڕی بوبێت بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە، بۆیە ئێمە ئەم جۆرە دادگاییە بە دادگاییەكی سیاسی دەزانین، كە نەتوانرا تیایدا دادپەوەری بچەسپێنرێت.
 
وتیشی: بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەنوسی هیچ كاتێك یارمەتیدەر نیە بۆ ئەوەی وڵات ئاسودە بێت جگە لەوەی گرفت و كێشە دروست دەكات. لەسەر ئەو پڕۆسەی دادگاییكردنە، قسەمان دەبێت و قابیلی قبوڵ نیە، من راپۆرتێك ئامادە دەكەم و بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەرزی دەكەمەوە، ناكرێت هەر لایەنێك دەسەڵاتی هەبو لەدژی هاوڵاتیان بە ناعەدالەتی جیبەجێ بكات و تۆمەتباریان بكات لەكاتێكدا ئەو هاوڵاتیانە هیچ كارێكی تێكەرانەیان ئەنجام نەداوە.


هەواڵی زیاتر