دلێر عەبدولخالق: باشبونی دۆخی هەرێم بە چاکسازی ڕاستەقینە دەکرێت

18/02/2021

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، جەخت لە پێوستی ئەنجامدانی چاکسازی ڕیشەیی دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: خراپی ژیانی خەڵک دەرئەنجامی سیاسەتی ڕابردوە، بۆ زاڵبون بەسەر مەترسیەکان دەبێت چاکسازی ڕیشەی ڕاستەقینە بکرێت ژیانی خەڵک باش بکرێت.

دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە شێوازی حوکومڕانی هەرێم و پرسی چاکسازی وتی: ئێمە دڵخۆشین بەوەی بەشێک لە گوتاری سیاسی ئێمە لەسەر شەفافیەت و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە ئێستادا لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە جەختی لێدەکرێتەوە و بوە بە بەشێک لە بۆچونی ئەوانیش، چونکە لە هەرێمی کوردستان چاکسازی تاکە چارەسەرە بۆ باشکردنی ژیانی خەڵک.

سەبارەت بە پرسی شەفافییەت و دۆسییەی نەوت، دلێر عەبدولخالق وتی: پرسی نەوت دەبێت شەفاف بێت و داهاتەکەی لە خزمەتی خەڵکدا بێت، لەسەر ئەو خاڵەش هەمیشە جەختمان کردوەتەوە.

وتیشی: دوای سێکتەری نەوت دەبێت کاری لە پێشینە رێکخستنەوەی دەروازە سنورییەکانی هەرێم بێت، چونکە خاڵه‌ سنورییه‌كان بوەتە یەکێک له‌ عه‌یبه‌كانی چوارچێوه‌ی حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان و تیمه‌كانی گۆڕان له‌ پەرله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان قسەی جدییان لەسەر ئەو پرسە کردوە، کە بەهۆیەوە نیوه‌ی زیاتری فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌.

رونیشیکردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروستبونییەوە خاوەنی ستراتیژیەتی نەگۆڕی خۆیەتی، ئێستاش کە لە حکومەتدان، قسەی جددیان هەیە لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە و گۆڕان حکومەتی کردوە بە سەنگەر بۆ داکۆکیکردن لە هاوڵاتیان، دۆخی ئێستای خەڵک خراپە و دەرەنجامی حکومڕانی خراپی رابردوە، بۆیە ئەگەر بێت و نمونەیەکی باشی حکومڕانی پێشکەش بکرێت، چاکسازیی راستەقینە لە هەرێم بکرێت .

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان باسی لەوەشکرد، روداوەکانی (17) شوبات و رۆژانی دوایی بەشێک نین لە رابردو، بەڵکو ئێستاش لە بەردەمماندایە، ئەگەر ئەوکات داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێبکرایە، ئێستا هەرێم لە زۆر روەوە بەهێزتر دەبو، قەیرانەکانی کەمتر دەبون.

لەسەر پرسی دەستگیرکراوانی بادینانیش، دلێر عەبدولخاق وتی: سەرۆکی فراکسیۆن و ئەندامەکانیان بەشداربون لە دانیشتنی دادگاییەکە، رای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانیشمان خستوەتەڕو کە ئەوان دژی بەرتەسککردنەوەی ئازادین.

لەبارەی پرسی رێککەوتنی و نێوان هەرێم و بەغداش، ئەوان پشتیوانی رێککەوتنی بنەڕەتی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەن و بژاردەی یەکەم رێککەوتنە و لە چوارچێوەی دەستوردا مامەڵەیەکی تەندروست بێتە ئاراوە.

سەبارەت بە پرسی لامەرکەزیش، دلێر عەبدولخالق، وتی: لە سەرەتای دروستبونی گۆڕانەوە تا ئێستا بڕوای بزوتنەوەکە نەگۆڕە و پشتیوانی چەسپاندنی سیستمی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی لە هەرێم دەکەن بۆ تەواوی ناوچەکان.


هەواڵی زیاتر