فراکسیۆنى گۆڕان لەبارەى کەیسى دەستگیرکراوەکانى بادینان یاداشت ئاڕاستەى دەستە و لیژنەى مافى مرۆڤ دەکات
21/02/2021
فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان دو یاداشت پێشکەشى دەستەى مافى مرۆڤ و لیژنەى مافى مرۆڤ دەکات لە پەرلەمانى کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لەبارەى کەیسى دەستگیرکراوەکانى بادینان فراکسیۆنى گۆڕان رایدەگەیەنێت:"داواکارین لە نزیکەوە چاودێرى دۆخى ئەو دەستگیرکراوانە بکرێت و دڵنیا ببنەوە کە پێشێلکارییان بەرامبەر ناکرێت و مافەکانیان پێشێل ناکرێت.
لە بەیاننامەکەدا بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت:"دواى قسەکردنمان لەگەڵ دەستگیرکراواندا پێیان راگەیاندوین کە هەفتەى جارێک بۆیان هەیە قسە لەگەڵ خانەوادەکانیانى بکەن و لەو کاتەشدا لەژێر چاودێریدان.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ئەو دەستگیرکراوانە لە هۆڵێکى (50) مەتر دوجادان و لەو هۆڵەیشدا (118) نەفەرى تێدا دەخەون و چەندین جاریش لەسەر جێگاى خەوتن شەڕ رویداوە.
هەروەک باس لەوەکراوە کە بە بیانوى ڤایرۆسى کۆرۆناوە رێگە لەو کەسانە گیراوە کە کەسوکاریان ببینن و بە پێچەوانەیشەوە (118) کەس لە ژورێکدا دەخەوێنن.
بزوتنەوەى گۆڕان لە یاداشتەکەیدا بۆ هەردو لیژنەى مافى مرۆڤ و دەستەى مافى مرۆڤ داوا دەکات لە لە نزیکەوە چاودێرى دۆخى ئەو دەستگیرکراونە بکرێت و دڵنیا ببنەوە کە پێشێلکارییان بەرامبەر ناکرێت لە روى تەندروستى و جێگەى خەوتن و خواردن و مافى بینین و قسەکردن لەگەڵ خێزانەکانیان.