فراکسیۆنی گۆڕان: هەرێم لەگەڵ بەغدا رێککەوتن نەکات قەیرانەکانی بەردەوام دەبێت

03/01/2019

فراکسیۆنی گۆڕان جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: لەئەگەری رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا، قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و مەترسی رودانی قەیرانی دیکە دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە، لە ژوری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، عەلی حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌گه‌ڵ ستیڤ فه‌یگن کۆنسوڵی گشتی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مەریکا کۆبوه‌وه.

لە کۆبونەوەکەدا جگه‌ له‌ خستنه‌ڕوی به‌رنامه‌ی کاری فراکسیۆنەکە له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا بۆ سیستمی حوکمڕانی و رێکخستنه‌وه‌ی هێزە چه‌کدارەکان و چاکسازیی له‌ داهات و خه‌رجی و به‌دامه‌زراوه‌یی کردنی نه‌وت، سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان مه‌ترسیەکانی رێکنه‌که‌وتنی هه‌رێم و به‌غدای له‌سه‌ر بودجه‌ی عێراق و پشکی کورد خسته‌ڕو و رایگەیاند: ئه‌گه‌ر به‌غدا (14%)ی به‌شه‌ بودجه‌ی عێراق بداته‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ پشکی پێشمه‌رگه‌ و مافه‌ داراییه‌کانی دیکه‌وه‌ نزیکه‌ی (11) ترلیۆن دینار ده‌کات، به‌ چاکسازیی له‌ داهات و خه‌رجیدا له‌گه‌ڵ ئه‌و (180) هه‌زار بەرمیله نەوتە‌ی کە ده‌مێنێته‌وه بۆ هەرێم‌ رۆژانە بیفرۆشێت، جگه‌ له‌ نه‌مانی گرفتی موچه‌، هه‌رێمی کوردستان له‌ روی ئابوری و خزمه‌تگوزاریشه‌وه‌ ده‌بوژێته‌وه.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: له‌ ئه‌گه‌ری رێکنه‌که‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا، هه‌رێم ناتوانێت ته‌نیا به‌پشتبه‌ستن به‌ فرۆشتنی نه‌وت موچه‌ به‌ پاشکه‌وتیشەوە دابین بکات، ئه‌و پاره‌یه‌ش که‌ به‌غدا به‌بێ راده‌ستکردنی نه‌وت ده‌ینێرێت ئه‌گه‌ر پشتیوانی یاسای بودجه‌ی نه‌بێت له‌ هه‌مو ساتێکدا ئه‌گه‌ری بڕینی هه‌یه‌.

لەبەرامبەردا کونسوڵی گشتی ئه‌مەریکا، رایگەیاند: گرنگه‌ چاکسازیی له‌ سەرجەم بواره‌کاندا بکرێت و په‌یوه‌ندیه‌کانی حکومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمی کوردستان باشتر بکرێت.


هەواڵی زیاتر