فراکسیۆنی گۆڕان، چاکسازی و سەروەری یاسا و دەستەبەرکردنی مافی هاوڵاتیان دەکەنە ئەولەویەتی کارەکانیان
28/02/2021
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی، مافەکانی هاوڵاتیان لە موچە و خزمەتگوزاریەکان و چاکسازی گشتگیر و دەستەبەر کردنی مافەکانی هاوڵاتیان، کارنامەیەک بۆ وەرزی بەھارەی ساڵی سێیەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئامادە دەکات.
ئەمرۆ ٢٨/٢/٢٠٢١ فراکسیۆنی گۆڕان لەگەڵ ڕاوێژکارانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە ھەماھەنگی ژووری پەرلەمان لەشاری ھەولێر کۆبونەوە.
گوڵستان سەعید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بە (سایتی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان)ی وت: بە مەبەستی کاراتر کردنی پەرلەمان و بەشداری پێکردنی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لە دانانی بەرنامەیەکی نیشتیمانی بۆ چالاککردنی ڕۆڵی چاودێری کردن و پەسەند کردنی یاسای بودجە و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییانەی کە ھەن هەوڵەکانمان چڕ کردوەتەوە.
وتیشی: بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی خەڵک لە موچە و خزمەتگوزاریەکان و چاکسازی گشتگیر و ھەمەلایەنە لە بواری ئابوری و سەربازی و یاسایی و کارگێڕی و پەروەردەییدا تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتیشی: کار بۆ سەروەربونی یاساو پاراستنی مافی ھاووڵاتیان لە رێی پێشنیازە یاسای داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەریەوە دەکەین.
بڕیارە لە وەرزی بەهارەدا فراکسیۆنی گۆڕان کار بۆ نوسینەوە و پەسەند کردنی دەستورێک بۆ ھەرێم بکات کە ھەموو مافە دیموکراتی و ئازادیە گشتیەکان تیا بچەسپێ.