فراکسیۆنی گۆڕان، ئەولەویەتی کارەکانی بۆ وەرزی بەھارەی ساڵی سێیەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەخاتەڕو

01/03/2021

فراکسیۆنى گۆڕان داواى کاراترکردنى پەرلەمان دەکات و جەخت دەکاتەوە لە پێویستى پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى بودجە و یاسای داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری و دروستکردنى سندوقى کوردستان بۆ داهاتە نەوتییەکان و دامەزراندنى دەستەى دانوستانکارى نێوان هەرێم و حکومەتى عێراق دەکات.

دەقى وتاری فراکسیۆنی گۆڕان بۆ دەستپێکی وەرزی بەھارەی ساڵی سێیەمی خولی پێنجەمی پەرلەمان

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئێمە لە فراکسێونی گۆڕان داوای کاراتر کردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین بە بەشداری سەرجەم فراکسیۆنە بەڕێزەکانی پەرلەمان لە پێناو نەخشەڕێگایەکی نیشتیمانی بۆ کاراکردنی ئەو یاسایانەی کە رۆڵیان ھەیە لە خۆشگوزەرانی و پەرەپێدانی ژیانی خەڵک و پڕۆسەی سیاسی وەک ئەنجومەنی راژە و یاسای بەدەستھێنانی زانیاری.

 لەسەر بنەمای بەرنامەی هەڵبژاردن و کارنامەی فراکسیۆنی گۆڕان، ئەولەویەتی کارکردنمان بۆ ئەم وەرزەی یاسادانان بریتی دەبێت لە :

* چارەسەرو بەدواداچونی کێشەکانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت پرسی موچە و بژێوی خەڵکی کوردستان

* دەرچواندنی ئەو یاسایانەی کە دەبنە هۆی شەفافکردنی داهات و بە نیشتیمانی کردنی هێزە چەکدارەکان

* بایەخدان بە کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و وەبەرهێنان و بەگژداچونەوەی گەندەڵی.

* بەدامەزراوەکردنی پەیوەندیەکانی هەرێم.

* چاکسازی گشتگیر و هەمەلایەنە لەبواری (ئابوری، سەربازی ، یاسایی،کارگێڕی)

* پاراستنی فەرھەنگ و زمانی کوردی و فەراهەمکردنی مافی ئازادی رادەربڕین و سەروەری یاسا. لەم پێناوەدا لەم وەرزە نوێیەی کاری پەرلەماندا کاردەکەین بۆ پەسەند کردنی ئەم پڕۆژە یاسایانە:-

1- پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەشێوازێک کە دەستەبەری شەفافیەت بکات لەداهاتی ناوخۆ و نەوت و خاڵە سنوریەکان، هەروەها چۆنیەتی خەرجیەکان و دەستەبەرکردنی موچەی موچەخۆران بەموچە نەدراوەکانیشەوە و کۆتایهێنان بە لێبڕینی موچە.

2- هەمواری یاسای خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هەوڵدان بۆ یەکخستنەوە و بەدامەزراوەکردنی هێزە چەکدارەکان.

3- یاسای داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری لەپێناو سەروەربونی یاسا و پاراستنی مافی ئازادییە گشتیەکان، بەتایبەت ئازادیی رادەربەڕین.

4- هەمواری یاسای وەبەرهێنان لە کوردستان بەمەبەستی سودمەندبونی خەڵکی کەم دەرامەت و بەگژداچونەوەی گەندەڵی و داگیرکاری کە لەم بوارەدا ڕێژەکەی زۆرە.

5- پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییانەی کە بۆ دەستە سەربەخۆکان (مافی مرۆڤ، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەستپاکی) لە پێناو بەهێزکردنی رۆڵی چاودێری پەڕلەمان.

6- گوشار خستنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی (سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازیەکان) لەپێناو جێبەجێکردنی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان و شەفافیەت لە داهاتی نەوتدا.

7- دروستکردنی (دەستەی دانوستانکار لەنێوان هەرێم و بەغدا) لە پێناو بەدامەزراوەیی کردنی گفتوگۆکان و مەرجەعی بونی پەڕلەمانی کوردستان وەک لە کارنامەی حوکمەت و رێککەوتنەکاندا هاتوە .

8- پەسەندکردنی یاسایەک بۆ پاراستنی بەرھەمە ناوخۆییەکان.

-لەکۆتاییدا داوا دەکەین پەرلەمانی کوردستان هاوکات لەگەڵ دەرچواندن و پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایانەدا ئەولەویەتی پەرلەمانی کوردستان (نوسینەوەو پەسەندکردنی دەستور و هەمواری ئەو یاسایەنە بێت کە هەڵگری رەهەندی نیشتیمانین).


هەواڵی زیاتر