په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان: دروستکردنی‌ لوقمەقازی‌ چاودێری ده‌كرێت له‌بری ماددەی‌ کحولی‌ و جگەرە

08/03/2021

ئەندامێکی‌ فراکسیۆنی‌ گۆڕان لە پەرلەمانی‌ کوردستان رایدەگەیەنێت؛ لە دونیادا باج لەسەر جگەرەو خواردنەوە کحولییەکان لە هەموو شتێک زیاترەو چاودێری ده‌كرێن، كه‌چی لە کوردستان لە جیاتی‌ ئەو کارگانە، دروستکردنی‌ لوقمەقازی‌ لەژێر چاودێریدا دروست دەکرێت.

عەلی‌ حەمە ساڵح، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لە فراکسیۆنی‌ گۆڕان لە کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەوانیدا له‌په‌رله‌مانی كوردستان، باسی چه‌ند پرسێكی گه‌نده‌ڵی و زیانبه‌خشی كرد و وتی "کۆمەڵێک بەرپرس و دەستڕۆشتوو، (96%)ی‌ جگەرەو (40%)ی‌ خواردنەوە کحولی‌ دەهێننە هەرێمی كوردستانه‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: لەوە ترسنکتر لە کوردستاندا ژمارەیەک کارگەی‌ جگەرەو خواردنەوەی کحولی بە مۆڵەت و بێ مۆڵەت هه‌ن و‌ باج نادەن و چاودێری‌ ناكرێن و كه‌سیش لێیان ناپرسێته‌وه‌ چی‌ دروست دەکەن و چۆن دروستی‌ دەکەن، بەبێ ئەوەی‌ باجیش بدەن.

وتیشی "لە دونیادا باج لەسەر جگەرەو خواردنەوە کحولییەکان لە هەموو شتێک زیاترە، بەڵام لێرە باج لە دوکاندارێکی‌ نانەواو سەرتاشیک دەسەنرێت، کەچی‌ هێنانی‌ جگەرەو مەشروپ بە قاچاخی‌ و بەبی باج دێتە هەرێمەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: لە دونیادا کارگەکان لەژێر چاودێریدان بۆ دروستکردنی‌ جۆری‌ ماددەی‌ کحولی‌ و جگەرە کە کەمترین زیانی‌ هەبێت، بەڵام لە کوردستان لە جیاتی‌ چاودێریکردنی‌ ئەو کارگانە، دروستکردنی‌ لوقمەقازی‌ چاودێری دەکرێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان باسی له‌ پرسێكی دیكه‌ی گه‌نده‌ڵی كرد و وتی "95%ی‌ ئەو بەرهەمەی‌ کە وەکو گازوایل دەفرۆشرێته‌ مۆلیدەو بارهەڵگرەکان، گازوایل نین و لەکۆمەڵێک ماددەی‌ زیانبەخش دروست دەکرێن".

له‌كۆتایی وته‌كانیشدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئەمانە هیچیان باج نادەن و چاودێریش ناکرێن، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ ئەو کارگانە مەترسی‌ لەسەر هەواو ژینگە دروست دەکەن و هۆکاری‌ سەرەکین بۆ توشبون بە شێرپەنجە.


هەواڵی زیاتر