فراکسیۆنی گۆڕان: گۆڕستانەکان نادرێنە کەرتی تایبەت

07/01/2019

فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، دوای بەدوادواچونیان پڕۆژەی پێدانی گۆڕستانەکان بە کەرتی تایبەت هەڵوەشاوەتەوە، شارەوانی ئەرکی دابینکردنی زەوی و پەرژین کردنی گۆڕستانەکان لە ئەستۆ دەگرێت.

لە رونکردنەوەیەکدا، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ دوای به‌دواداچون و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ وه‌زیری شاره‌وانی حکومەتی هەرێم، ئه‌و پرۆژه ‌و بیرۆکەیە‌ی بۆ پێدانی گۆڕستانەکان به‌ که‌رتی تایبه‌ت هەبو، هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.
رایگەیاندوە؛ به‌یاسا ئه‌رکی شاره‌وانییه‌ زه‌ویه‌ک بۆ گۆڕستان دیاری بکات و رێکخستنی بۆ بکات و هیچ گۆڕستانێک نادرێت به‌ که‌رتی تایبه‌ت له‌ کوردستاندا.
فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌رده‌گیرێت بۆ حه‌فاره‌ یان گۆڕهه‌ڵکه‌ن، پێشتریش هه‌بوه ‌و هاوڵاتی ئازاده‌ چۆن و له‌ کوێ و به‌کێ گۆڕ هه‌ڵده‌که‌نێت یان خۆی گۆڕه‌که‌ هه‌ڵده‌که‌نێت.
جەختی کردوەتەوە کە؛ ئەو گۆڕستانه‌ نوێیه‌ش که‌ له‌ شاری سلێمانی دروست ده‌کرێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نادرێت به‌ که‌رتی تایبه‌ت، شارەوانی خۆی پەرژینی ده‌کات و سه‌وزی ده‌کات و بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری شارەوانی رایگەیاندوە؛ بودجه‌ی پێویست بۆ ئەو گۆڕستانە نوێیە دابین ده‌که‌ن. 


هەواڵی زیاتر