داواده‌كرێت پرسی‌ "لێبڕینی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران" بۆ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ دانیشتنی‌ سبه‌ینێی‌‌ په‌له‌مان زیادبكرێت

06/04/2021

(17) ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان داواده‌كه‌ن بڕگه‌یه‌ك بۆ دانیشتنی‌ سبه‌ینێی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان زیادبكرێت و تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ كۆتایهێنان به‌ (لێبڕی موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران) بكرێت.

ئاشنا عه‌بدوڵا، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌ سایتی‌ گۆڕانی‌ وت: دوای‌ جێگیركردنی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراق ئیتر به‌هانه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ لێبڕینی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران، به‌ومه‌به‌سته‌ ئه‌مڕۆ واژۆی‌ پێوستمان بۆ ئه‌وداواكاریه‌ كۆكرده‌وه‌ و پێشكه‌شی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانم كرد.

وتیشی‌: بەپێی ماددەی ‌(٤٨) بڕگەی (٤) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان واژۆی‌ پێوستمان كۆكرده‌وه‌و داوامانكردوه‌ بابەتی ( لێبڕینی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران) بۆ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ دانیشتنی‌ سبه‌ینێی‌‌.
ئاشنا عه‌بدوڵا، وتیشی‌: ئێستا كاتی‌ كۆتایهێنانه‌ به‌ لێبڕینی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و پێوسته‌ په‌رله‌مان ڕۆڵی‌ جدی‌ ببینێت  له‌وپرسه‌دا.

له‌ بانگێشتیاندا ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، بڕیاریداوه‌ دانیشتنی‌ ژماره‌ (6)ی‌ ئاسایی‌ خولی‌ به‌هاره‌ی‌ ساڵی‌ سێیه‌م له‌ خولی‌ پێنجه‌می‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌له‌مانی‌ كوردستان كاتژمێر (11)ی‌ پێش نیوه‌ڕۆی‌ ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ 7/4/2021 گرێبدات.


هەواڵی زیاتر