فراکسیۆنی گۆڕان داوا دەکات سەرجەم وەزیرەکان بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن و سەرەتا لە وەزیرەکانی گۆڕانەوە دەستپێبکرێت
07/04/2021
فراکسیۆنی گۆڕان داوا دەکات سەرجەم وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم بچنە پەرلەمان و گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی ناو وەزارەتەکەیان بکەن.
گوڵستان سەعید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان رایگەیاند، داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکەین، دەسەڵاتی خۆی بخاتەگەڕ بە پلانداڕشتنێک و لەم وەرزی بەهارەی پەرلەماندا سەرجەم وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان بکەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن سەبارەت بەو کێشەو گرفتانەی لە وەزارەتەکانیاندا هەیە.
وتیشی، پێشنیار دەکەین، سەرەتا لە وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستپێبکەن و ئەوان بانگهێشتی پەرلەمان بکەن.
لای خۆیەوە رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، بۆ بانگهێشتی وەزیرەکان، دەبێت بابەتەکە و ناوی وەزیرەکە و هۆکاری بانگهێشتکردنەکە دیاری بکرێت، هەروەها بە ریزبەندییەک ناوی وەزیرەکان و هۆکاری بانگهێشتکردنەکەی دیاری بکەن، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن.