گۆڕان لە کفری: دوایی ٣٣ ساڵ لە تاوانی ئەنفال ئازادی جاش و موستەشارەکان زامێکی قوڵە
13/04/2021
ئەنجومەنی قەزای کفری بزوتنەوەی گۆڕان، لەساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، داوای خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکات و لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: لەگەڵ یەک بەیەک لەخەم و کۆژانەکانی ھەر تاکێکی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانین و خۆشمان بەداکۆکی کاری سەرسەختی داوا ڕەواکانیان ئەزانین و ھەمیشەش لەسەنگەری پێشەوەی دیفاع کردن ئەبین لەداواکانیان.
ڕاگەیاندراوی ئەنجومەنی قەزای کفری بزوتنەوەی گۆڕان لەساڵیادی تاوانی ئەنفال
گەرمیانیە تێکۆشەرەکان
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدانی ئەنفال.
لەیادی سی و سێ ساڵەی مەرگەساتی ئەنفالدا، سەری رێز و نەوازش لەئاست گڵکۆی قوربانیانی ئەنفال نەوی ئەکەین . ئەنفال کە درێژەی سیاسەتی چەوت و چەپەڵی ڕژێمی داگیرکاری بەعس بوو دژ بەگەلەکەمان بە ھەشت قۆناغ و قورسترین قۆناغی شاڵاوەکە بەر گەرمیانی سوتماک و کوانووی قوربانی مەکۆی خۆسازدان و مەڵۆی خەبات و فیداکاری کەوت . ئەنفال جگە لەوەی سڕینەوەی ئاسەواری ژیان و سەرنگوم کردنی ھەزارن پیرو گەنج و ژن و مناڵ بۆ بیابانەکان خواروی عیراق ، کەلێنێکی خستە نێو کۆمەڵگای کوردیەوە دەیان ساڵی تر دیمەنە تراژیدیەکانی ئەو مەرگەساتە لەزیھنی تاکی کوردیدا دەمێنێتەوە .
کەسوکاری سەربڵندی ئەنفالکراوەکان
گەرمیانە بوێر و جەسوورەکان.
ئێستا لە دوایی ٣٣ ساڵ لەو مەرگەساتە و رۆژ بەرۆژ زیاتر برینی سارێژ نەبووی کەسوکاری ئەنفال کراوەکان ئەکولێتەوە کە تاکو ئێستا ، موستەشار و جاشەکان بەئاسودەیی ئەسورێنەوە و کەسو کاری سەربەرزی ئەنفال کراوەکانیش ھێشتا بەیادگارییە تاڵەکانی ئەوسەردەمە ئەتلێنەوە و ھێشتا لەدوای نزیک لەسێ دەیە لەحوکمڕانێ ھێشتا ژیانێکی شایستەی وایان نیە کەقەرەبووی رۆحی ئازیزانیان کەھەرگیز ناکرێتەوە بۆیان بەدی بێ . واجبە لەسەر شانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراقی کە خزمەتی زیاتر لە کەسوکاری شەھیدانی ئەنفال بداتەوە و چونکە بەرھەمی خۆێنی بەناھەق رژاوی ئەوشەھیدانە دەرنجامی حکومەتی ھەرێمە . لەم یادەدا ئێمە لەبزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەک بەیەک لەخەم و کۆژانەکانی ھەر تاکێکی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانیان و خۆشمان بەداکۆکی کاری سەرسەختی داوا ڕەواکانیان ئەزانین و ھەمیشەش لەسەنگەری پێشەوەی دیفاع کردن ئەبین لەداواکانیان.
ڕێز و وەفا بۆ گۆڕی شەھیدانی ئەنفال
سەرشۆری و بۆ ئەنجامدەرانیان
ئەنجومەنی قەزای کفری بزوتنەوەی گۆڕان
١٣/٤/٢٠٢١