٦١ هەزار کەس لە پێشمەرگەوە بۆ لیوا خانەنشین کراون بێ ئەوەی موچە و دۆسیەیان لای وەزارەتی پێشمەرگە ههبێت
17/04/2021
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات، (61)هەزار کەس لەپێشمەرگەوە بۆ لیوا خانەنشین کراون بێ ئەوەی موچە و دۆسیەیان لای وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت، دەشڵێت: هێزەکانی (70 و 80) ژمارەیان (100) هەزار کەسە و حەوت هەزاریان بایۆمەتریان نەکردووە.
دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان (170) هەزار خانەنشینی پێشمەرگە هەیە ئێستاش سێ هەزار ئەنفسەر لە چاوەڕوانی خانەشینبوندان، لە ئێستادا هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە هێزەکانی (70 و 80) بە چەند ڕێگەیەکی جیاواز بلکێنرێن بە وەزارەتی پێشمەرگەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی گومان دەکرا هێزەکانی (70) و (80)ی یەکێتی و پارتی ژمارەیان نزیکەی (80) هەزار کەس بێت، بەڵام دەرکەوت ژمارەکە (100) هەزار کەس زیاترە و بەردەوامیش خەڵکی نوێ دادەنرێت و ژمارەکە لە زیادبوندایە، خانەنشینی، کەمئەندام، شەهید و بودجەی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەهۆی بێ متمانەیی و جیاوازی لە سیستمی کارکردن چاکسازی تێیاندا ئەستەم بوە.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە کابینەکانی پێشوی حکومەتی هەرێمدا بە فەرمانێک (61) هەزار کەس، لە پێشمەرگەوە بۆ لیوا خانەنشینکراون و موچە و دۆسیەیان لای وەزارەتی پێشمەرگە نیە، لەسەر میلاکی وەزارەتی داراین و لەوێش موچە وەردەگرن، بەوپێیەش ئێستا بە گشتی (170) هەزار خانەنشینی پێشمەرگە هەیە، سێ هەزار ئەفسەریش بەپێی یاسای ژمارە (38)ی ساڵی (2007) لە چاوەڕوانی خانەنشین بوندان.