ئاراس وەلی: بەلای گۆڕانەوە کارنامەی حکومەت گرنگە
16/01/2019
ئەندامێکی لیژنەی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت:
کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ پارتی کورت و پوخت و چڕ بو، جەختیش دەکاتەوە لەوەی
بەشداری گۆڕان لە حکومەت پەیوەستە بە ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستانەکانەوە.
ئاراس وەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و وەفدی
دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (کەی ئێن ئێن)
رایگەیاند؛ کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کورت و پوخت و چڕ
بوە، ئەوەی گفتوگۆی لەسەر کراوە کارنامەی حکومەت و مەبدەئە بنەڕەتییەکان بوە.
وتیشی: وردەکاریی هەنگاوەکانی گۆڕان سەبارەت بەوەی کە چ
جۆرە بەشداری و شەراکەتێکی قبوڵە، بە لیژنەی تایبەتەمەند سپێردراوە و گۆڕان
لیژنەکەی ئامادەیە و پارتیش ناوی ئەندامانی لیژنەکەی داوە بە بزوتنەوەی گۆڕان و
بەزوترین کات دەستبەکار دەبن.
سەبارەت بە کاری ئەو لیژنەیە، ئاراس وەلی وتی: لیژنەکە
دو کاری هەیە، یەکەم دانانی پێوەر و بنەماکانی وەرگرتنی پۆستەکان، دوەمیش کە بەلای
گۆڕانەوە زۆر گرنگە، کارنامەی حکومەتە کە پێویستە چاکسازی لە هەمو جومگە
بنەڕەتییەکاندا بکرێت.
رونیشیکردەوە، لە نۆ ساڵی رابردودا گۆڕان خاوەنی چەندین
پاکێجی چاکسازی بوە و هەر ئەو پاکێجانەشی کردوە بە کارنامەی خۆی بۆ دەسەڵاتەکانی
دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن، هەروەها دژایەتیکردنی گەندەڵی و دورخستنەوەی
دەستی حیزب لە حکومەت، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئێستا ئەو دروشمانە بوە بە خیتابی
بەشێک لە لایەنەکانی دەسەڵاتیش.
ئەو ئەندامەی وەفدی دانوستانکاری گۆڕان جەختیشی کردەوە،
کە بزوتنەوەی گۆڕان نەفەس درێژ بوە و بەرێگەی مەدەنی هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەکانی
داوە، کە ئەوەش زیندویەتی داوە بە پڕۆسەی سیاسی، جگە لەوەش بەلای گۆڕانەوە
جێبەجێکردنی کارنامەکە گرنگە نەک وەرگرتنی پلە و پۆست و دەستکەوتی شەخسی.
سەبارەت بەوەی گۆڕان بەشداری دەکات لە کابینەی نۆیەم یاخود
نا، ئاراس وەلی ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا ئەوەش بە تەواوەتی یەکلا نەکراوەتەوە کە
بەشداری دەکەن یاخود نا، چونکە ئەو هەنگاوە پەیوەستە بە ئەنجامی گفتوگۆ و
دانوستانەکانەوە و بڕیاری بەشداری یاخود نەکردن، بڕیارێکی سیاسییە و جڤاتی
نیشتیمانی گۆڕان یەکلایی دەکاتەوە.
لەبارەی هۆکارەکانی دواکەوتنی حکومەتەوە، ئاراس وەلی
جەختی کردەوە لەوەی گۆڕان بەهیچ شێوەیەک بەرپرس نییە لە دواکەوتنی پێکهێنانی
کابینەی نۆیەم، ئەوەی بەرپرسیارە یەکێتی و پارتییە، بەتایبەت بەهۆی ئەو گرژییانەی
لەماوەی رابردودا لەنێوان ئەو دو حیزبەدا رویدا.