لەسەر کوشتنى ژنان پەرلەمان بانگهێشتى پێنج وەزیر دەکات
26/04/2021
پەرلەمانى کوردستان بانگهێشتى پێنج وەزیر دەکات بۆ ڕونکردنەوەو چارەسەرى پێویست سەبارەت بە دیاردەى کوشتن و خۆ کوشتنى ژنان هاوکات پەرلەمان داواى پەیمانى شەرەف لە دەزگاکانى ڕاگەیاندن دەکات بۆ ئەوەى مامەڵەیەکى تەندروست لەگەڵ ڕوداوەکانى کوشتندا بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە هەرسێ لیژنەى ژنان و لیژنەى مافى مافى مرۆڤ و لیژنەى ناوخۆى پەرلەمان سەبارەت بە زۆربونى دیاردەى کوشتن و خۆکوشتنى ژنان کۆبونەوەو بڕیاریاندا پێنج وەزیرى پەیوەندیدار بانگهێشتى پەرلەمان بکەن و تیایدا ڕونکردنەوەى پێویست سەبارەت بە کوشتنى ژنان بخەنەڕوو.
گوڵستان سەعید جێگرى سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى کوردستان بە "زەمەن"ى ڕاگەیاند : بڕیارە بە زوترین کات وەزیرى ناوخۆ سەبارەت بەپێدانى مۆڵەتى چەک و کڕین و فرۆشتنى چەک لەبازاڕەکاندا بانگهێشتى پەرلەمان بکەن، هەروەها وەزیرى ڕۆشنبیرى سەبارەت بە خراپى ڕۆڵى دەزگاکانى ڕاگەیاندن لەڕوماڵى کوشتنەکاندا بانگهێشت دەکەن، هاوکات وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى و وەزیرانى تەندروستى و پەروەردەش بانگهێشت دەکەن و ڕۆڵى پەروەردەو کێشەى شەڵتەرەکانى ژنان و بارودۆخى تەندروستى زیندانیان تاوتوێ دەکەن و ڕونکردنەوەو چارەسەرى پێویست سەبارەت بە دیاردەى کوشتن و خۆ کوشتنى ژنان لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان وەردەگرن.
وتیشى، هەریەکە لە ئەنجومەنى باڵاى کاروبارى خانمان و نوێنەرى ئەنجومەنى دادوەریش بانگهێشت دەکەن ، داوا لە ئەنجومەنى دادوەرى دەکەن پەلە بکەن لەیەکلایى کردنەوەى کەیسى تۆمەتبارانى کوشتنى ژنان، هەروەها سەردانى لایەنە سیاسیەکانیش دەکەن و داوایان لێ دەکەن چیتر بکوژانى ژنان داڵدە نەدەن.
بەوتەى ئەو ئهندامهی لیژنەى مافى مرۆڤ، هەڵگرتنى چەک و بردنەوەى چەک لەلایەن هێزە ئەمنیەکان بۆ ماڵەوەو چاودێرینەکردنى بازاڕەکانى چەک فرۆشتن، هۆکارن بۆ زۆربوونى دیاردەى کوشتن و خۆکوشتنى ژنان، هەروەها خراپى ڕۆڵى دەزگاکانى ڕاگەیاند لەڕووماڵى ڕوداوەکانى کوشتن بەجۆرێک کوشتن و خۆکوشتنیان کردۆتە بابەتێکى ئاسایى و خەڵک زۆر بەسادەیى ڕوداوەکان وەردەگرێت، ئەمەش هۆکارێکى ترى زۆربوونى ڕووداوەکانى کوشتن و خۆکوشتنى ژنانە.