تایبه‌ت به‌ پرسی‌ هاوپه‌یمانی‌ و دانانی‌ كاندیده‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن جڤاتی‌ گشتی‌ ڕاسپارده‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ ده‌كات

01/05/2021

جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پرسی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق و دانانی‌ كاندیده‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ گفتوگۆ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 1/5/2021 به‌سه‌رپه‌رشتی‌ عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌ ڕێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و به‌ ئاماده‌بونی، شێخ كامیل قادر و سه‌فین مه‌لا قه‌ره‌ و ئاسۆ ڕه‌حیم، ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ ڕاپه‌ڕاندن، جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كۆبونه‌وه‌.

جڤاتی‌ گشتی‌ پاش ته‌واوبونی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت به‌ دانانی‌ كاندیده‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ و هاوپه‌یمانی‌ نێوان بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌، ڕاسپارده‌یه‌كی‌ چه‌ند خاڵی‌ ئاڕاسته‌ی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ كرد.

پێشڕه‌و ڕه‌ئوف سكرتێری‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ سایتی‌ گۆڕانی‌ وت: بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، كارنامه‌ی‌ كاندیده‌كانمان به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت خزمه‌تی‌ كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ئه‌وله‌ویه‌تبێت و ببینه‌ به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ری‌ گرفت و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان.

وتیشی‌: ئه‌ندامانی‌ جڤات له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بۆچونی‌ خۆیان خستوه‌ته‌ڕوو ، بۆچونه‌كانیانمان به‌ڕاسپارده‌ ئاڕاسته‌ی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ كردوه‌ و گفتۆگۆی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت.

جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جڤاتێکی راوێژکارییە و گفتوگۆ لەسەر پرسە ناوخۆیی و رێکخراوەییەکانی گۆڕان دەکات و سەرنج و راسپاردە و پێشنیار ئاراستەی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەکە دەکات بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدرێت.

 

فۆتۆ: بریار نامیق


هەواڵی زیاتر