وه‌فدێكی‌ په‌یه‌ده‌ له‌گه‌ڵ ژوری‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی‌ گۆڕان كۆبونه‌وه‌

20/05/2021

پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20/5/2021 شاندێكی‌ پارتی‌ یه‌كێتیی‌ دیموكرات (په‌یه‌ده‌) كه‌ پێكهاتبون له‌ نوری‌ ئه‌سعه‌د نوێنه‌ری‌ په‌یه‌ده‌ له‌ هه‌رێم و یوسف كونی‌ و مه‌حمود ره‌شۆ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و ئیڤان وزیر ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌و پاته‌ سه‌ردانی‌ مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان كرد و له‌لایه‌ن به‌ختیار عومه‌ر ئه‌ولی‌ رێكخه‌ری‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕأن و ئه‌نامانی‌ ژوره‌كه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.

ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ هاوكاری‌ و هه‌ماهه‌نگیی‌ هه‌ردولا بو له‌ بواره‌كانی‌ سیاسی‌ و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی‌ یه‌كتر له‌ كێشه‌ و ته‌نگه‌ژه‌كاندا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا وه‌فدی‌ میوان به‌ سوپاسه‌وه‌ باسیان له‌ رۆڵی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كرد له‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسییه‌كان و قه‌یرانه‌كاندا، هه‌روه‌ها باسیان له‌و كێشانه‌ كرد كه‌ ئه‌مڕۆ به‌رۆكی‌ رۆژئاوای‌ گرتوه‌ له‌وانه‌، به‌كارهێنانی‌ ئاو وه‌ك چه‌كێك بۆ دژایه‌تیكردنی‌ كورد و خه‌ڵكی‌ رۆژئاوا.

گرنگی‌ و بایه‌خی‌ یه‌كێتی‌ و یه‌كڕیزیی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ته‌وه‌رێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بو.

له‌ كۆتاییدا هه‌ردولا جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوانیان به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا زۆر پێویسته‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌ گرنگییه‌وه‌ بڕواننه‌ كێشه‌ی‌ گرتنه‌وه‌ی‌ ئاو له‌لایه‌ن توركیاوه‌ كه‌ زیانی‌ بۆ سوریا و عێراقیش هه‌یه‌ به‌گشتی‌.




 


هەواڵی زیاتر