ژوری توێژینه‌وه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رێوڕه‌سمێك بۆ ناساندنی كتێبێكی نوێی سه‌ردار عه‌زیز رێكده‌خات
27/05/2021
ژوری توێژینه‌وه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رێوڕه‌سمێك بۆ ناساندنی كتێبی (به‌خێر بێن بۆ سه‌رده‌می چینی له كوردستان و عێراق) ساز ده‌كات.
كێتێبه‌كه له نوسینی د. سه‌ردار عه‌زیزه و ناوه‌ۆكه‌كه‌ی تایبه‌ته به باسكردنی هه‌ڵكشانی چین له وڵاتێكی هه‌ژار و لاوازه‌وه بۆ وڵاتێكی زلهێزی كاریگه‌ر له سیاسەتی جیهاندا كه ئێستا ركابه‌ری ئه‌مه‌ریكایه و سیاسه‌تی داهاتوی جیهان ره‌نگه ببێته سیاسه‌تی جوت جه‌مسه‌ری له‌نێوان چین و ئه‌مه‌ریكا.
كتێبه‌كه باس له‌وه ده‌كات هه‌ڵكشانی چین وه‌ك سه‌رجه‌م زلهێزه‌كانی تر له رابردودا كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراق و كوردستان. نوسه‌ر له كتێبه‌كه‌دا ده‌یه‌وێت ئه‌و بۆشاییه پڕٍ بكاته‌وه كه كورد له رابردودا هه‌یبوه له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان وه‌ك روسه‌كان و سۆڤیه‌ت و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه وه‌كو زلهێز به‌ده‌ركه‌وتون كاریگه‌رییان هه‌بوه له‌سه‌ر چاره‌نوسی كورد.
نوسه‌ری كتێبه‌كه ده‌یه‌وێت ئه‌و بۆشاییه پڕبكاته‌وه كه كورد هه‌رگیز نه‌یزانیوه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و زلهێزانه بكات له رابردودا، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه بوه كه زانیاری نه‌بوه له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه كه داڕێژه‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه بون.
كتێبه‌كه كراوه به دو به‌شه‌وه، به‌شێكیان تایبه‌ته به سیاسه‌تی ناوه‌وه‌ی چین، به‌شێكی تریشی تایبه‌ته به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر عێراق و كوردستان، له‌م روانگه‌یه‌وه نوسه‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌وه دابڕێژێت كه چین وه‌كو وڵاتێكی زلهێز خوازیاره به‌دنیادا په‌ل بهاوێت و كاریگه‌ری هه‌بێت و به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیدا بگه‌ڕێت، له ئه‌نجامدا كاریگه‌ری ده‌بێ له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
رێوڕەسمی ناساندنی كتێبه‌كه رۆژی شه‌ممه 29/5/2021 سه‌عات 10:00ی پێشنیوه‌ڕۆ له مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هۆڵی میوانخانه به‌ڕێوه ده‌چێت.