فراکسیۆنی گۆڕان: هەرێمی کوردستان لەبەردەم داگیرکاری و جینۆسایدی سەربازی و ژینگەییدایە
01/06/2021
فراکسیۆنی گۆڕان لەبارەی داگیرییەکاریەکانی تورکیا بۆسەر خاک و ژینگەی کوردستان هۆشداری دەدات و داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکات هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەو داگیرکاریە بخاتەگەڕ.
لەیاداشتێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی کردوە، فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاندوە، رۆژی (5/5/2021) یاداشتێکمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد سەبارەت بە لەشکرکێشی و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و وێرانکردنی (76) گوند و پچڕاندنی تەزوی کارەبای ئەو گوندانە و زیان گەیاندن بە ژینگە و دارستانی ئەو ناوچەیە، لە ئێستاشدا جارێکی تر جەخت لە یاداشتەکەمان دەکەینەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم داگیرکاری و جینۆسایدی سەربازی و ژینگەیداییە، بەتایبەتی دەڤەری بادینانی دەلال، هێزی سەبازی تورکیا بە قوڵایی (40) کیلۆمەتر لەخاکەکەماندایە ژینگەکەی دەسوتینێ و دەشێوێنی.
فراکسیۆنی گۆڕان داوا لەپەرلەمانی کوردستان دەکات بەجدی لە رێگەی گفتوگۆوە هەوڵ بدات بەرپرسانی هەرێم و عێراق بەرپرسیار بکات کە بە گوشار دروستکردن کۆتایی بەو داگیرکارییە بهێنن و ئارامی بۆناوچەکە بگێڕنەوە، داواش لە تورکیا بکەن سنوری خۆی لەناو خاکی خۆیەوە بپارێزێت و رێز لە سەروەری خاک و ژینگەی کوردستان و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە بگرێت.