سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان: نەیارەکانمان بەپارەی قاچاخی و دزی، دەیان پەیج و میدیایان بۆ دژایەتی ئێمە دروستکردووە

02/06/2021

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، بزوتنەوەى گۆڕان بۆ دژایەتى دزى و گەندەڵی و قاچاخچێتى دروست بووە و بەردەوامە و نەیارەکانیشمان بەپارەی قاچاخی و دزی، دەیان پەیج و میدیایان بۆ دژایەتی ئێمە دروستکردووە.

گوڵستان سەعید سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، بزوتنەوەى گۆڕان بۆ دژایەتى دزى و گەندەڵی و قاچاخچێتى دروست بووە و بەردەوامە و هەوڵەکانى چڕ دەکاتەوە بۆ بە هێزکردنى بنەماکانى دەوڵەتدارى و بەرقەرارکردنى ئاشتى و ئاوەدانى و خۆشگوزەرانى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى و سەروەرى یاسا و حکومەتى هاوڵاتى.

دەشڵێت، لەبەرامبەر هەموو ئەم پێداگرى و تێکۆشانەمان دا نەیارەکانمان بە پارەى مەرز و قاچاخى و دزى بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدان گومان لاى هاوڵاتیان دروست بکەن بەرامبەرمان کە بە دەیان پەیج و بە سەدان میدیاکار و بە هەزاران فانیان بە کرێ گرتوە بۆ بێ ئەرزشکردنى هەڵوێست و چالاکیەکانمان لە ڕێگاى تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە بە ئامانجى پوکانەوە و لاوازکردنى گۆڕان و گومان دروست کردن لەسەر ئەرک و ئیش و هەڵوێستەکانمان.

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئاماژە بەوەشدەکات، ئێمە لاریمان نیە لە هەر ڕەخنەیەکى بنیاتنەر کە ئاراستەمان دەکرێ لە پێناو ئەدایەکى باشتر و پێداچونەوە بە کەم و کورتى و چاککردنەوەى هەڵەکانمان کاتێک ئەم میدیا ئەلکترۆنیانە بە پارەى گەندەڵى و دزینى نەوت و قوتى خەلک و قاچاخچێتى مەرزەکان بەڕێوەدەچن و ئێمە ڕەخنە و قسە و هەڵوێست و بە دواداچونمان هەیە بۆ دیاردەکان، لە برى ئەوەى لۆمەى گەندەڵکاران و قاچاخچیەکان بکەن و بۆ کۆمەڵگایەکى ئاسودە هەوڵ بدەن، دێن ئاشتەوایی کۆمەڵایەتى تێک دەدەن و بارى دەرونى خەڵک نا جێگیر دەکەن و هەوڵی ترساندن و تۆقاندن و دروستکردنى گومان لە ناخیاندا دەدەن دژى بزوتنەوەى گۆڕان و کاراکتەرەکانى .

وتیشى، داوا دەکەم هێرش بۆ سەر بزوتنەوەى گۆڕان و هەڵمەتى گومانکردن لە ناخى هاوڵاتیان کۆتایی پێ بێنن ، بەسە کڕینى ویژدانى میدیاکاران واز لەو میللەتە بهێنن با بەڕاستى و دروستى بژین، بەسە ئاکار و ڕەفتارى کۆمەڵایەتى خەڵک  توشی قەیران مەکەن ، وەرن ئەو پارانە بگێڕنەوە بۆ حکومەت و موئەسەساتى حکومەتى هەرێمى پێ بەهێز بکەن وەرن بەو پارانە کارگە دروست بکەن و هەلى کار بڕەخسێنن گەنج لە بێ ئومێدى و بێ هیوایی ڕزگار بکەن. وەرن بەو پارانە خۆشگوزەرانی بگێڕنەوە.


هەواڵی زیاتر