عەلى حەمە ساڵح بە داتا چۆنیەتى چارەسەکردنى لێبڕینى موچە دەخاتەڕوو

29/06/2021

ئەندامێکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان چۆنیەتى چارەسەرکردنى لێبرینى موچەى فەرمانبەران ئاشکرا دەکات و راشیدەگەیەنێت بەپێداچونەوە بە دۆسیەى بەرهەمهێنان و فرۆشتنى نەوت و داهاتى خاڵە سنورییەکان و سیستمى باج،  حکومەتى هەرێم مانگانە زیاتر لە (330) ملیار دینارى بۆدەگەڕێتەوە.

عەلى حەمە ساڵح لەمیانى دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستاندا رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنى لێبڕینى موچە حکومەتى هەرێم مانگانە پێویستى بە (200) ملیار دینارە، لەکاتێکدا تەنها بە پێداچونەوە بەپرۆسەى بەرهەمهێنان و فرۆشتنى نەوت دەتوانێت داهاتى بەرمیلێک نەوت لە (22) دۆلارەوە بگەینێتە (32) دۆلار، بەوەش مانگانە (201) ملیار دینارى بۆدەگەرێتەوە.

ئەو ئەندامەى پەرلەمانى کوردستان وردەکارى ئەو پرۆسەیەى رونکردەوە و رایگەیاند، بە پێداچونەوە بەشایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت کە لەلایەن کۆمپانیا حزبیەکانەوە قۆرخکراوە، هەروەها بە کەمکردنەوەى کرێى بۆریەکانى گواستنەوەى نەوت کە نۆ دۆلارە بۆهەر بەرمیلێک، وە بەپاڵاوتنى نەوت و بەرهەمهێنانى سوتەمەنى و بەرهەمە نەوتییەکان لەناوخۆدا، دەتوانرێت بڕێکى باشى داهات بۆ حکومەت بگەڕێنرێتەوە، چونکە قازانجى پاڵاوتنى هەر بەرمیلێک نەوت (10) دۆلارە.

عەلى حەمە ساڵح لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا رایگەیاند، بەپێداچونەوە بە داهاتى دەروازە سنورییەکان و نەهێشتنى قۆرخکارى، مانگانە (50) ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.

سەبارەت بەسیستمى باج، ئەو ئەندامەى فراکسیۆنى گۆڕان وتى:" لە هەرێمى کوردستان (22) هەزار و (624) کۆمپانیا هەیە، بەڵام تەنها حەوت هەزار و (507) کۆمپانیا باج دەدەن، ئەگەر چاکسازى لە سیستمى باجدا بکرێت و کۆمپانیاکان باج بدەن داهاتى باج بە قەبارەى (60) ملیار دینار زیاد دەکات.

لە دوابەشى قسەکانیدا عەلى حەمەساڵح رونیکردەوە، بەشێوەیەکى گشتى ئەگەر ئەو رێوشوێنانە بگیرێتە بەر، بەکۆى گشتى (334) ملیار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە کە دەتوانرێت لێبڕینى موچەى پێ چارەسەر بکرێت و پرۆژەشى پێ جێبەجی بکرێت و پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەرانیش دەستپێبکاتەوە.


هەواڵی زیاتر