بە زۆرینەى دەنگ هەریەک لە ناحیەکانی بازیان و حاجیاوا كران بە قەزا

29/06/2021


ئەمڕۆ سێشەممە 29/6/2021 کۆبونەوەی ژمارە 63ی ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچو کە کە تایبەت بو بە گۆڕینی ناوی گوندێک  و دروستکردنی گوندێک و بە قەزابونی دو ناحیە.

لە کۆبونەوەکەدا بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هەریەکە لە ناحیەکانی حاجیاوا و بازیان کران بە قەزا و بڕیاردرا بە گۆڕینی ناوی گوندی گورگەدەر بۆ سەرقەڵای عوزێری لە پیرەمەگرون و دەنگدان لەسەر دروستکردنی گوندی کانی ئاسکان لەناحیەی سەرقەڵای کفری.

پێشتر رێبوار ئەحمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە خۆیشی خەڵکی ناحیەی بازیانە و ماوەیەکی زۆرە کار بۆ قەزابونی بازیان دەکات راگەیاندبو کە بازیان نزیکەی ۱٠٠ ساڵە ناحیەیە و تائێستاش هیچ ناحیەیەک نییە بەو جۆرە لێی نەپرسرابێتەوە و دانیشتوانیشی گەشەیان کردبێت.

رونیشیکردەوە کە بازیان ۳٤٪ی پیشەسازی قورسی عێراق پێکدێنێت، ۱٠ کارگەی گەورەو ۱٠٠ کارگەی بچوکی تێدایە، هەروەها ۱٦ هەزار ژوری کشتوکاڵی تێدایە، بۆیە لە سنوری شاری سلێمانی بازیان بە دوەم ناوچە دادەنرێت بۆ بەرهەمی تەڕە و میوەی وەرزەکان.

رێبوار بازیانى سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ئەندازیارى بە قەزاکردنى بازیانە و زیاتر لە شەش ساڵە لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە ئامانجى بە قەزاکردنى ناحیەى بازیان کۆشش و کارى بۆ کردوە.


هەواڵی زیاتر