فراکسیۆنی گۆڕان: هیچ بیانویەک نەماوە، پێویستە موچە لەکاتی خۆیدا بدرێت و بەبێ لێبڕین

11/07/2021

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، بڕی ‌200 ملیار دینارەکە (کە بەشە بودجەی هەرێمە) گەیشتە هەرێم، بۆیە پێویستە موچە لەکاتی خۆیدا بدرێت و بەبێ لێبڕین و دواکەوتن.

فراکسیۆنى گۆڕان لەو راگەیەندراوەدا کە ئەمشەو بڵاوى کردەوە ئاماژەى بەوە کردوە کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بهێنیت بە لێبڕینی مووچە لە ئەمڕۆ بەدواوە، چونکە ئیتر هیچ بیانویەک بۆ بەردەوامی لێبڕینی مووچە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نەماوە.

 

دەقى راگەیەندراوەکە:
بۆ بەرێز سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
بابەت / ڕاگەیاندنی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان
ئێمە ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان ڕایدەگەیەنین بەبەڕیزتان
* پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بهێنیت بە لێبڕینی مووچە لە ئەمڕۆ بەدواوە.
* سەڕەرای تێبینی جدیمان لەسەر تەواوی پرۆسەی چاکسازی بەگشتی و بڕگەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بە تایبەتی هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەکەوە لە ساڵی پارەوە بە نایاسایی لێبڕین دەستی پێکرد، وە سووربونمان لەسەر داواکارییەکانمان لە حکومەتی هەرێم بۆ لابردنی ئەو لێبڕینە، چونکە مووچە مافی یاسایی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە
* پێویستە وەگرتنی مووچە لە کاتی خۆیدا بدرێت و بەبێ لێبڕین و دواکەوتن.
* ئێمە پێمان وابووە کە ئەم پرسە هەستیارەو ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پاراستنی مافی بنەڕەتی مرۆڤ و ژیانی تاکی گەلەکەمانەوە کە نەدەبو حکومەتی هەرێم دەستی بۆ ببردایە. بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم بە پاساوی جوراو جۆر بەردەوامە بە لێبڕینی مووچە پاساوی نەهاتنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدڕالەوە.
ئەمڕۆ بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، بڕی ‌200 ملیار دینارەکە (کە بەشە بودجەی هەرێمە) گەیشتە هەرێم.
بە پێی یاسای بوودجەی عێراقی ساڵی ٢٠٢١، نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان چیتر مووچە بە لێبڕینەوە دابەش بکات.
ڕای دەگەیەنین کە ئیتر هیچ بیانوویەک بۆ بەردەوامی لێبڕینی مووچە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نەماوە و بە پێویستی دەزانین بە یەک دەنگ بە حکومەت بڵێن: بەسە کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بھێنە!
فراکسیۆنی گۆڕان
١١/٧/٢٠٢١


هەواڵی زیاتر