فراکسیۆنی گۆڕان: هێشتا (18) خۆپیشاندەری شیلادزێ ئازاد نەکراون
03/02/2019
دوای بەدواداچونی
دۆسیەکەیان، فراکسیۆنی گۆڕان و تیمی پارێزەرانی خۆبەخش وردەکاریی دۆسیەی ئەو
کەسانەیان ئاشکرا کرد کە لە خۆپیشاندان و گردبونەوەکانی شیلادزێ دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە،
سەرۆک و ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان و تیمێکی پارێزەری خۆبەخش سەردانی
ئاسایش و پۆلیسی دهۆکیان کرد بۆ بەدواداچونی دۆسیەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی خۆپیشاندان
و گردبونەوەکانی ناحیەی شیلادزێی سەر بە پارێزگای دهۆک دەستگیرکراون.
عەلی حەمەساڵح،
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە
دهۆک بۆی رێکخرابو رایگەیاند: سەرجەم ئەو کەسانەی لەسەر هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی
گردبونەوەی ناڕەزایەتی دژی بۆردومانەکانی تورکیا و شەهید کردنی هاوڵاتیانی مەدەنی
دەستگیرکرابون، ژمارەیان (25) کەس بوە، ئەمڕۆ حەوت کەسیان بە کەفالەت ئازاد کراون
و (18) کەسیان ماون و رەوانەی گرتوخانەی چاکسازیی گەورانی دهۆک (زەرکا) کراون.
ئاماژەی
بەوەکرد؛ بەشێک لەو کەسانەی دەستگیر کراون ویستی گردبونەوەیان هەبوە، کە بەپێی
یاسای خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان، گردبونەوە پێویستی بە مۆڵەت نییە و تەنها
ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکانی دەوێت بۆ پاراستنیان.
سەرۆکی
فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: ژمارەیەک لە دەستگیرکراوەکان گلەییان لە شێوازی
مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان هەبوە و سەرجەم ئەو تیبینیانە تۆمارکراون و دراوەتە
بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی دهۆک.
عەلی حەمەساڵح
رایگەیاند: ئەو مادەیەی کە بۆ دەستگیرکراوەکان دیاریکراوە بەپێی یاسای خۆپیشاندان
نییە، بەڵکو بەپێی مادەی (156)ی یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە،
لەکاتێکدا ئەو مادەیە لە بەغداش کاری پێناکرێت.
وتیشی
:"ئەو حەوت کەسەشی کە ئەمڕۆ ئازاد کراون، بەپێی هەمان مادە دۆسیەیان بۆ
کراوەتەوە و دواتر بە کەفالەت ئازاد کراون".
جەختی کردەوە؛
کە دۆسیەی سەرجەم ئازادیخوازان بە دۆسیەی خۆیان دەزانن و پارێزەرە خۆبەخشەکانیش
بەهەمان شێوەی بەرگریی لە دۆسیەکە دەکەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی
گۆڕان رایگەیاند: لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆک قسەیان کردوە و پێڕاگەیاندوین کە
هیچ کەس لە گرتوخانەکانی ئەواندا نەماوە و ناوی ئەو (25) کەسەشیان وەرگرتوە کە
دەستگیرکراون و ناوەکانیان ئاشکرا دەکەن، هەر کەس لەدەرەوەی ئەو ناوانە دیار نەبێت
یان دەستگیرکرابێت، ئەوە شوێنەکەی نادیارە و بەدواداچونی بۆ دەکەن.
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا،
تیمی پارێزەرانی خۆبەخش رایانگەیاند: (13) پارێزەری دهۆک و سێ پارێزەری هەولێر
خۆبەخشانە بەرگریی لە دۆسیەکە دەکەن، هەر ئەمڕۆش حەوت کەس لە دەستگیرکراوەکان
ئازاد کراون.
ئاماژەیان
بەوەکرد؛ بریکارنامەی (18) کەسەکەی دیکەیان وەرگرتوە بۆ ئەوەی لە رێگای پۆلیس و
دادگاوە بەدواداچون بۆ دۆسیەکەیان بکەن و بە فەرمی سبەینێ داوا لە دادگای دهۆک
دەکەن کە بە کەفالەت ئازادیان بکەن.
جەختیان کردەوە؛
ئەو مادەیەی کە پێی دەستگیرکراون و دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە، داوا دەکەن بگۆڕدرێت بۆ
یاسای خۆپیشاندانەکان و دۆسیەکەشیان لە رێگەی دادگای تایبەتمەندەوە یەکلایی
بکرێتەوە و دابخرێت.
رۆژی (26)ی ئەم
مانگە ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ناحیەی شیلادزێ، دژی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی
تورکیا و شەهیدکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و
لە ناوچەی سیرێ دەستیان بەسەر بارەگایەکی سوپای تورکیادا گرت و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل
و کەرەستەی سەربازییان سوتاند، دوای ئەو روداوەش هێزە ئەمنییەکانی دهۆک
هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و چالاکوانانی مەدەنی ئەنجامدا و زیاتر
لە (80) کەسیان دەستگیرکرد، تائێستاش (18) کەسیان لە گرتوخانەکاندا دەستبەسەرن.