به‌ڵێن ئیسماعیل: داوامان کردوە پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە

19/09/2021

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: داوامان كردوه‌ بڕیاری راگرتنی پله ‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌ و ده‌شڵێت: پاساوه‌كانی حكومه‌ت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ لاوازه‌.

به‌ڵێن ئیسماعیل، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان رایگه‌یاند: لیژنه‌ی دارایی چه‌ندجارێك  له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌رێم كۆبونەته‌وه‌ بۆ جه‌خت کردنەوە له‌سه‌ر لابردنی بڕیاری پله ‌به‌رزکردنه‌وه‌، چونكه‌  بڕیاره‌كه‌ نایاساییه‌ و پێشێلكردنی مافی فه‌رمانبه‌رانە.

وتیشی: له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌ بچوكه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ چاكسازیی كردن و رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌راورد به‌ ساڵانی رابردو بارودۆخی دارایی هه‌رێم گه‌شه‌ی سه‌ندوه‌، ئێستا پاساوه‌كان بۆ به‌رده‌وامیدان بە راگرتنی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ لاوازه‌، بۆیه‌  پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌بڕیاره‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وەشكرد، له‌دوا كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیارداوه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ئاماده‌بونی وه‌زیرانی په‌یوه‌ندیدار كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت ئه‌نجام بدرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌ یاساییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم.


هەواڵی زیاتر