جڤاتى گشتى بۆ تاوتوێکردنى دواین پێشهاتەکان کۆدەبێتەوە

12/10/2021

بۆ تاوتوێکردنى دواین پێشهاتەکان و ئەنجامى هەڵبژاردنەکان و راگەیەندراوەکەى خانەى راپەڕاندن، جڤاتى گشتى کۆدەبێتەوە و راسپاردەکانى ئاڕاستەى جڤاتى نیشتیمانى دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (12/10/2021)، جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە مەکۆى سەرەکى لە شارى سلێمانى کۆبوەوە، بۆ تاوتوێکردنى دواین پێشهاتەکان و ئەنجامى هەڵبژاردنەکان و راگەیەندراوەکەى خانەى راپەڕاندن، بڕیاریشە راسپاردەکانى کۆبونەوەکە ئاڕاستەى جڤاتى نیشتیمانى بکرێت کە سبەینێ کۆدەبێتەوە، بۆ گرتنە بەرى بڕیارى پێوێست بە ئامانجى وەڵامدانەوەى داخوازى هاوڵاتییان و گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەى گۆڕان.

کۆبونەوەى جڤاتى گشتى و نیشتیمانى لەکاتێکدایە، خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا سوپاس و پێزانین و داواى لێبوردنى لە بانگەشەکاران و ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە و هاوڵاتیان کرد.

هەر لە راگەیەندراوەکەى خانەى راپەڕاندندا ئەوەخرایەڕو؛ دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بوە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتیەکان بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەھێناوە و ‎بە راشکاوی دەڵێین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، ‎ئەم واقعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتیە لەئەستۆ بگرین و، لە نزیکترین کاتدا گۆڕانکاری ریشەیی دەکەین.


هەواڵی زیاتر