گۆڕان له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێی په‌رله‌مان به‌شداری‌ ده‌كات

13/02/2019

بڕیاره‌ سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ (14/2/2019) سه‌رۆكی‌ كاتیی‌ په‌رله‌مانی‌
كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی‌ ناو په‌رله‌مان
كۆببێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ داڕشتنی‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ دانیشتنی‌ رۆژی‌
(18)ی‌ ئه‌م مانگه‌ و فراكسیۆنی‌ گۆڕانیش له‌چوارچێوه‌ی‌ هه‌وڵەكانی‌ بۆ
كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، به‌شداریی‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ ده‌كات.

عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان
به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: فراكسیۆنه‌كه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌وڵ و
پشتیوانییه‌كانیان بۆ كاراكردنه‌وه‌ و ئه‌كتیڤكردنی‌ په‌رله‌مان، به‌شداری‌
له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ سبه‌ینێی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌
فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ن.

وتیشی‌: "به‌ڵام ئه‌و به‌شداریكردنه‌ی‌ ئێمه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ سبه‌ینێ،
په‌یوه‌ندیی‌ نیه‌ به‌ به‌شداریكردنمان له‌ دانیشتنی‌ رۆژی‌ (18)ی‌ ئه‌م
مانگه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی‌ هه‌وڵەكانمان دێت
بۆ كاراكردنه‌وه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان.

بڕیارە رۆژی‌ (18)ی‌ ئه‌م مانگه‌، له‌چوارچێوه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان
یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و پارتی‌ دیموكراتیی‌ كوردستان، دانیشتنی‌
په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان تاوه‌كو
ئێستا بڕیاری‌ نه‌داوه‌ له‌ به‌شداریکردن یاخود به‌شدارینه‌كردن له‌و
دانیشتنه‌دا.

عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان وتی‌: به‌شداریكردن یان
نه‌كردن له‌ دانیشتنی‌ (18)ی‌ ئه‌م مانگه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان،
پرسێكی‌ سیاسییه‌ و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ڕێی‌ جڤاتی‌ نیشتمانییه‌وه‌
یه‌كلایی‌ ده‌كاته‌وه‌.


هەواڵی زیاتر