فراکسیۆنى گۆڕان سەردانى کەسوکارى زیندانیکراوان و ئازادکراوانى بادینان دەکات

23/10/2021

فراکسیۆنى گۆڕان سەردانى خانەوادەى دەستگیرکراوانى بادینان و ئازادکراوان دەکات و پەیامى گۆڕان بۆ پاراستنى مافى مرۆڤ و ئازادى دەربرین و بیر و راو رۆژنامەوانى دوپات دەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە (٢٣/١٠/٢٠٢١) ھەر یەکە لە گوڵستان سەعید سەرۆکی فراکسیۆنى گۆڕان و ئاشنا عەبدوڵا جێگری سەرۆکی فراکسیۆن و د. شایان عەسکەری ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان، سەردانى خانەوادەى ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانى بادینانیان کرد، دواتر سەردانى هەریەکە لە سلێمان موسا و سلێمان کەمال-یان کرد کە رۆژى پێنجشەممەی رابردو ئازاد کران و دواتریش چونە سەر ئارامگەی شەھید مێھڤان عەبدولڕەحمان ھەڵسوراوی بزوتنەوەی گۆڕان کە ساڵى (٢٠١٣) لە کاتی جێبەجێ کردنی ئەرکی بانگەشە بۆ لیستی گۆڕان بە ھۆی تەزوى کارەباوە شەھید بو.

لەوبارەیەوە گوڵستان سەعید، بە سایتى فەرمى (گۆڕان)ى راگەیاند: ئێمە وەک فراکسیۆنى گۆڕان لەسەرەتاى دەستگیرکردن و دواتر لە دادگایى ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانانەى بادینان هەمیشە لەگەڵیاندا بوین و ئامادەییمان هەبوە و داکۆکیکارى سەرسەختى مافەکانیان بوین.

وتیشى: ئەم سەردانەى ئەمڕۆشمان چ بۆ لاى خێزان و کەسوکارى ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانانەى سزادراون چ بۆ لاى ئەوانەى ئازاد کراون، بۆ دوپاتکردنەوەى بەڵێن و بنەماى کارى ئێمە بو وەک فراکسیۆن و بزوتنەوەى گۆڕان بۆ داکۆکیمان لە پاراستنى ئازادى مافى مرۆڤ و ئازادى رادەربڕین و رۆژنامەوانى و فراوانکردنى مەوداکانى دەربڕینى بیرورا لە هەرێمى کوردستان، ئەوانیش لاى خۆیانەوە سوپاسى فراکسیۆنى گۆڕانیان کرد کە بەردەوام پەرلەمانتارەکانى لەگەڵیان بون.


هەواڵی زیاتر