گۆڕان و یەكێتی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ئاڵانگارییەكانی بەردەم هەرێم تاوتوێ دەكەن
08/11/2021
بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و دوا گۆڕانكاریەكان و چاككردنی گوزەرانی هاوڵاتیان و خۆئامادەكردن بۆ ئەو ئاڵانگاریانەی ڕووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە تاوتوێ دەكەن.
ئەمڕۆ (دوشەمە ٨/١١/٢٠٢١) وەفدێكی مەكتەبی سیاسی بە سەرپەرشتی رەفعەت عەبدوڵا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد و لەلایەن بەختیار عومەر رێكخەری ژوری پەیوەندی سیاسی و و ژمارەیەک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی پێشوازی كران.
لەو كۆبونەوەیەدا، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و دوا گۆڕانكاریەكان تاوتوێكرا، بەتایبەت ئەو بارودۆخەی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتۆتە كایەوە، جەختكرایەوە لە گرتنەبەری هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی كە یەكڕیزی گەلەكەمان ئەپارێزێت و لەو چوارچێوەیەشدا مافە دەستووریەكانی خەڵكی كوردستان بەدیدەهێنێ.
تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكە، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و چاككردنی گوزەرانی هاوڵاتیان بوو، بەتایبەت خۆئامادەكردن بۆ ئەو ئاڵانگاریانەی ڕووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و سازان.