پەرلەمان ئامادەکاریی بۆ دانیشتنەکەی (18)ی مانگ دەکات
14/02/2019
کۆبونەوەی
سەرۆکی کاتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆتایی هات، فراکسیۆنەکان چاوەڕوانی
دەرەنجامی دانوستان و کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکانن بۆ بەشداریی کردن لە
دانیشتنەکە.
ئەمڕۆ
پێنجشەممە، رێڤینگ هروری، بەتەمەنترین پەرلەمانتار کە سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی
سەرەتای پەرلەمان دەکات بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ
سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبوەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبونەوەی رۆژی (18)ی مانگ کە
بڕیارە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی تێدا هەڵبژێردرێت.
دوابەدوای
کۆبونەوەکە، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:
بەپێی بڕیاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیار لە کۆبونەوەی رۆژی (18)ی مانگ دەدەین،
ئەو گفتوگۆیانەی ئەمڕۆ لەنێوان شاندی گۆڕان و پارتی دەکرێت دەبردرێتەوە جڤاتی
نیشتیمانی ئەگەر ئەو بەرنامەیەی ئێمە هەمانە
ئەم حکومەتە نەتوانێت بیهێنێتەدی، ئەوکاتە بەشداری حکومەت ناکەین.
وتیشی :"ئێمە
دەمانەوێت بگەین بە دوایین هەنگاو، دوایین هەنگاویش دەبەینە کۆبونەوەی جڤاتی
نیشتیمانی و دوایین بڕیار لەبارەی بەشداریکردن یان بەشدارینەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان
لە حکومەت وەردەگرین.
ئاماژەی
بەوەکرد؛ بۆ کۆبونەوەی (18)ی ئەم مانگەی پەرلەمانیش چاوەڕێی بڕیاری سیاسی بزوتنەوەی
گۆڕان دەکەین.
هاوکات، لوقمان
وەردی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: فراكسیۆنی یەكێتی
نیشتمانی کوردستان مەحکومە بە دەرئەنجامی کۆبونەوەی بەیانی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریی کردن لە کۆبونەوەی (18)ی
مانگ.
هەر
لەوبارەیەوە، ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند:
هێمن هەورامی کاندیدی پارتییە بۆ جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمانیش
بەرکەوتەی یەکێتییە، ئومێد دەکەین فراکسیۆنەکەیان کاندیدیان بۆ ئەو پۆستە دیاری بکەن.
ئاماژەی
بەوەکرد؛ جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ پێکهاتەی تورکمانە، ئومێد دەکەین ئەوانیش
کاندیدی خۆیان دیاری بکەن.
لەبەرامبەردا، هێمن هەورامی کاندیدی پارتی
بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: یەکێتی و پارتی رێکبکەون یان نا، کۆبونەوەی (18)ی
مانگ ئەنجامدەدرێت، چونکە ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان و یەکەم
دانیشتندا تێپەڕیوە.