فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان: قەرەبوی زیانلێکەوتوانی شاری ھەولێر بکرێتەوە

17/12/2021

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات جگە لە قەرەبووی مادی زیانلێکەوتوانى لافاوەکەى هەولێر، چارەسەرێکی ریشەیی بدۆزرێتەوە بۆ دوورخستنەوەی دانیشتوانی ئەو شارە لە لافاو و مەترسیەکانی بارانبارین لە وەرزی زستاندا.

 

دەقى راگەیەندراوەکەى فراکسیۆنى گۆڕان:

شەوی رابردو، بەھۆی شەپۆلێکی باران بارین بەخوڕ، لەچەندگەڕەکێکی شاری ھەولێر و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری لافاو و کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتەوە، کە بەداخەوە بە ھۆیەوە زیانێکی زۆری مرۆیی و مادی بەر دانیشتوان کەوتوە و چەند ھاوڵاتیەک گیانیان لەدەست داوە .
‎بەو بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسو کاری قوربانییەکان دەکەین و ھاوبەشی خەمیانین.
لەبارەی زیانلێکەوتوانی دیکەش، بەپێویستی دەزانین حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئیدارەی خۆجێی ھەولێر بە زوویی بە ھانای زیانلێکەوتوانەوە بچن و، جگەلە قەرەبووی مادیان و چارەسەرێکی ریشەیی بۆ دوورخستنەوەی دانیشتوانی ھەولێر لە لافاو و مەترسیەکانی بارانبارین لە وەرزی زستاندا بدۆزرێتەوە. ھاوکات لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لەرێی وەزارەتی شارەوانیەوە بەدواداچون بکەن بۆ کێشەکانی نەخشەی ئاو و ئاوەڕۆیی ئەو گەڕەکانە و بەرەو چارەسەری بنەڕەتی ھەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە.

‎فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
١٧/١٢/٢٠٢١


هەواڵی زیاتر