دلێر حسێن: کاربەدەستانی هەولێر بەرپرسی یەکەمن لەو زیادەڕۆییانەى کراوەتە سەر رێڕەوە ئاوییەکان

20/12/2021


دلێر حسێن رایدەگەیەنێت؛ سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان و کاربەدەستانی هەولێر بەرپرسی یەکەمن لەو زیادەڕۆییانەى کراوەتە سەر رێڕەوە ئاوییەکان لەلایەن دەستڕۆیشتوانی حیزبی و حکومی بۆ مەبەستی بازرگانی و نیشتەجێبون، کە دەبنە هۆى لافاو و هاوڵاتییان دەبنە قوربانى، پێویستە پێداچونەوەی جدی بە ماستەرپلانی هەولێر بکرێت و ئەو پڕۆژانەی لەسەر رێرەوە ئاوییەکان دروستکراون هەڵبگیرێن و رێڕەویی نوێ دروست بکرێت.

دلێر حسێن، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ سایتى (گۆڕان) ئاماژەى بەوەکرد؛ هەمو حکومەتێک ساڵانە بڕێک پارە لەبودجەی گشتی تەرخان دەکات بۆ روبەڕوبونەوەی کارەساتە سروشتیەکان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەوە دو کابینەیە پڕۆژەى بودجەی نەناردوەتە پەڕلەمان، کە پڕۆژەش نەبێ بەرنامە و پلانیشت نابێت بۆ قەیرانەکان، ئەگەرنا هەمو هاونیشتمانیک کە لەئەنجامی ئەو کارەساتانە زیانی بەردەکەوێت مافی خۆیەتی لەسەر بنەماى خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان لە لایەن لێژنەی پسپۆڕەوە بەباشترین شێوە قەرەبو بکرێتەوە.

لەبارەى هۆکارى چەند بارەبونەوەى لافاو لە شارى هەولێر و دەوروبەرى لەگەڵ بارینى بڕیکى کەمى باران، دلێر حسێنن دەڵێت: بەپێى هەمو پێوەرێک سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان و کاربەدەستانی شار بەرپرسی یەکەمن لەو دۆخە و ئەو زیادەڕۆییانەى کراوەتە سەر رێڕەوە ئاوییەکان کە ئێستا دەبنە هۆى لافاو، لە کۆندا سێ رێڕەوی ئاویی لە هەولێر هەبون بۆ ئاوی قورس و باراناو، بەداخەوە بەشێک لەو ڕێڕەوە ئاویانە زیادەڕۆییان کراوەتە سەر لەلایەن دەستڕۆیشتوانی حیزبی و حکومی و پڕکراوەنەتەوە و بۆ مەبەستی بازرگانی و نیشتەجێبون بەکارهاتون کە ئەمانە بە ئاگاداری و رەزامەندى ئیدارەی ناوچەکە کراوە.

وتیشى؛ هەولێر لە روی ئاوەڕۆوە کێشەی ئەوەیە کە بەشێکى زۆری نەبەستراوەتەوە بە سندوقی ئاوەڕۆوە، کە ئەمەش گرفتەکەی هێندەی تر زیادکردوە لە وەرزی باران بارین.


سەبارەت بە چۆنیەتى رێگرى دوبارەبونەوەى دروستبونى لافاو و رێگەچارەکان بۆ ئایندە، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر دەڵێت: پێویستە ساڵانە و لەسەرەتای وەرزی پایز شارەوانیەکان سندوقەکانی ئاوەڕۆ و رێڕەوەکان پاک بکەنەوە، هاوکات پێویستە پێداچونەوەی جدی بە ماستەرپلانی هەولێر بکرێت رێڕەوە ئاوییەکان وەک ڕابردوی لێبکرێنەوە ئەو پڕۆژانەی لەسەر ڕێرەوە ئاوییەکان دروستکراون هەڵبگیرێن یاخود رێڕەوی ئاوی نوێ دروست بکرێت، ئەگەرنا مانەوەی دۆخەکە بەمشێوەیە لە هەمو ساتێک ئەگەرى رودانى لافاو لە هەولێر چاوەڕوانکراوە  کە هاوڵاتى تێیدا دەبنە وربانى و باجى کەموکوڕییەکانى بەرپرسانى حزبى و حکومى هەولێر دەدەن.


هەواڵی زیاتر