کەریم عەلى: بێبەشکردنى گەرمیان لە نەوتى سپى غەدرێکى گەورەیە

28/12/2021

سەرۆکى لیژنەى سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى رایدەگەیەنێت: وەزارەتى سامانە سروشتییەکان سنوری گەرمیانی لە نەوتی سپی بێبەش کردوە، ئەوە لەکاتێکدایە رۆژانە نزیکەی (50) هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە سنورەکە دەردەهێنرێت.

کەریم عەلى، سەرۆکى لیژنەى سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئەنجامى بەدواداچونیان بۆیان دەرکەوتوە دابەشنەکردنی نەوتی سپی ماڵان لە سنوری گەرمیان بەمەبەستە و دەویسترێت ئەم ساڵ لە سنوری گەرمیان نەوت دابەش نەکرێت ئەوەیش بە بیانوی ئەوەی سنوری گەرمیان پلەکانی گەرمی زۆر دانابەزێت و دەڵێت: ئەمەش غەدرێکی رون و ئاشکرایە لە دانیشتوانی سنوری گەرمیان دەکرێت، لەکاتێکدا رۆژانە نزیکەی (50) هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە سنورەکە دەردەهێنرێت و بە نادیاری دەبرێت و هاوڵاتیانیشی بێ بەش دەکرێن لە پێدانی نەوتی سپی.

سەرۆکى لیژنەى سامانە سروشتیەکان دەشڵێت: وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیاری دابو ئەمساڵ خۆیان نەوتی سپی دابەش بکەن و هەمو ماڵێک نەوتی سپی پێبدرێت، بەڵام تائێستا نەیان توانیوە بەڵێنەکەیان لەهیچ ناوچەیەک جێبەجێ بکەن و سنوری گەرمیانیشیان بێبەش کردوە لە نەوتی سپی.
هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەى هەمو هەوڵێک دەدەن بۆئەوەى بەشی هاوڵاتیانی سنوری گەرمیان لە نەوتی سپی بنێردرێت بەو رێژەیەی لە سنورەکانی دیکە دابەشکراوە .


هەواڵی زیاتر