جڤاتى نیشتمانى بڕیاریدا .. دەستەیەکى حەوت کەسى هەڵبژێردرا و لیژنەى باڵاى کۆنفرانسى نیشتمانى کارا کرا
02/01/2022
جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان دەستەیەکى حەوت کەسیى هەڵبژارد و لیژنەى باڵاى کۆنفرانسى نیشتمانى کارا کرد، بەمەبەستى ئەنجامدانى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى لە نزیکترین کات و سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان.
دواى زنجیرەیەک کۆبونەوە لە دو هەفتەى رابردودا، سەرلەبەیانى ئەمرۆ یەکشەممە (٢٠٢٢/١/٢) جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبوەوە، کۆبونەوەکە تەواوکارى کۆبونەوەکانى دیکە بو کە لە هەفتەى رابردو ئەنجام درا و تێیدا دەستەیەکى حەوت کەسى بە نوێنەرایەتى جڤاتەکانى نیشتمانى و گشتى و سێ لە هەڵسوڕاوانى دیارى دەرەوەى جڤاتەکان هەڵبژێردران کە بریتین لە (هۆشیار عومەر، نزار محەمەد، کاوە ئەحمەد سەعید، دڵشاد رەشید مەلاعەلى، گەیلان شێخ عومەر، د. تەها حەمە عەزیز و شوان قلیاسانى).
ئەم دەستەیە کە لە کۆبونەوەى ئەمڕۆدا متمانەى جڤاتى نیشتمانیى وەرگرت لەگەڵ لیژنەى باڵاى کۆنفڕانس، دەست بە ئامادەکارى دەکەن بۆ ئەوەى لە نزیکترین کاتدا کۆنفرانسى دوەمى نیشتمانى بۆ بەخۆداچونەوە و خۆ رێکخستنەوەى بزوتنەوەکە ببەستن.
بەپێى دەستورى رێکخراوەیى بزوتنەوەى گۆڕان، ئەرکەکانى کۆنفڕانسى نیشتمانى خۆى دەبینێتەوە لە نوێکردنەوەى بەرنامەى سیاسى لە بوارە جیاوازەکاندا، پێداچونەوە بە دەستورى رێکخراوەیى، هەڵسەنگاندن و دەستکاریکردنى پلاتفۆرمەکانى هەڵبژاردنەکانى پارێزگا و هەرێم و عێراقى فیدراڵ، هاوکات هەڵسەنگاندنى ئەداى تیمەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەت و نوێنەرەکانى لە دەزگا هەڵبژێردراوەکانى؛ پارێزگا، هەرێم و عێراقى فیدراڵ، هاوکات هەڵسەنگاندنى ئەداى جڤاتى نیشتمانى لە چەند ساڵى رابردودا.
هەمو ئەمانەش پڕۆسەى سەرلەنوێ خۆڕیکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەى بزوتنەوەى گۆڕانە بەتایبەت دواى ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کە بزوتنەوەى گۆڕان نەیتوانى تێیدا دەنگى پێویست بەدەستبهێنێت.