کاردۆ محەمەد: قۆناغى چونەوە سەر ئەو رێچکەیەى گۆڕان بۆى دروستبوە دەست پێدەکەین

03/01/2022

ئەندامێکى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ قۆناغى چونەوە سەر ئەو رێچکەیەکەى گۆڕان کە بۆى دروستبوە دەست پێدەکەین و کاردەکەین بۆئەوەى گۆڕان ببێتەوە مینبەرێک بۆ کۆکردنەوەى زۆرینەى لایەنەکان و کاردەکەین بۆئەوەى وەڵامدەرەوەى داوا رەواکانى خەڵک بین، چونکە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێستا لاواز و بێ کاریگەرن.

کاردۆ محەمەد، رێکخەرى ژورى پەرلەمان و ئەندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى دواین بڕیارەکانى کۆبونەوەى جڤات کە لیژنەى باڵاى هەڵبژاردنى کارا کرد و دەستەیەکى حەوت کەسى هەڵبژارد، رایدەگەیەنێت: ئەو لیژنەیە کاراکرا و لەگەڵ ئەو دەستە نوێیەى پێکهێنرا، بۆئەوەى چاوبخشێننەوە بە پێداویستیەکانى بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى، لە نزیکترین کاتدا، وە پێویستە ئەو کۆنفرانسە چۆنایەتى بێت و ئەو کسانەى تیابن کە مەبەستیان گۆڕانکارییە بەو ئاڕاستەبەى بزوتنەوەى گۆڕان بهێننەوە سەر سکەى سروشتى خۆى و ئەم قۆناغە کە بە قۆناغى چاکسازیى ناوزەندى دەکەین، هەمو تواناکان و سەرنج و تێبینیەکانی بێنینەوە ناو پڕۆسەى بنیادى تازەى گۆڕان بۆئەوەى بچیتەوە سەر بونیادە رەسەنەکەى خۆى.

دەشڵێت: گۆڕان هێزێکە بۆ خزمەتى بەرەى جەماوەر دروستبوە، بۆیە پێویستە ئەو گوتارەى هەمانە وەڵامدارەوەى خواست و خەون و خۆزگەى جەماوەر بێنێتە دى، چونکە خەڵک گۆڕان بە بەشێک لە خۆى دەزانێت، بۆیە ئەگەر رەخنە و سزاشى هەبێت بۆى ئەوا توندتر دەیبێت، بڕیارەکانى رابردومان بوە هۆى ئەوەى خەڵک سزامان بدات، بەڵام گۆڕان بە نیەتى چاکسازى و بۆ بەدیهێنانى بەرژەوەندییەکانى خەڵک چوە حکومەت، بەڵام (75%)ى خاڵەکانى رێککەوتنەکەکەمان بۆ بەشداریى لە حکومەت جێبەجێ نەبوە بۆ نمونە یاساى چاکسازى وەک خۆى و ئەوەى داوامان کردبو جێبەجێ نەکراوە و سندوقى نەوت و گاز پێکنەهێنراوە.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى ئەوە دەخاتەڕو کە لە چەند رۆژى ئایندەدا لەگەڵ تیمى حکومەت کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسى بەشداریکردنى گۆڕان لە حکومەت، "بۆئەوەى بگەینە ئەنجامێک بەوەى بە مانەوە لە حکومەت دەتوانین چى بکەین؟، چونکە ئێمە بەرژەوەندى تایبەت و کۆمپانیامان نییە، بەشداریشمان لە پەرلەمان بۆئەوەیە کە دەبێت چاودێرێکى بەهێز بێت بەسەر حکومەتەوە، هاوکات لە حکومەتیش دەبێت نوێنەرەکانمان ئەدایان ئەداى گۆڕان بێت بۆ بەرگرى لە مافى خەڵک و دژایەتى گەندەڵى".

لەبارەى ئەگەرى بڕیارى کشانەوە حکومەت، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتمانى ئاماژە بەوە دەکات ئەو بڕیارە بە دەنگى زۆرینەى جڤات دەبێت و ئەگەر ئەو بڕیارەش دواى دیراسەى ورد بدرێت، ئەوا هیچ کەسێک گومانى نەکشانەوەى لەسەر نییە کاتێک جڤاتى نیشتیمانى بڕیار دەدات، واتە تیمى حکومەت هیچ گرفتى نییە لە کشانەوە لە حکومەت ئەگەر جڤاتى نیشتیمانى ئەو بڕیارە بدات.

کاردۆ محەمەد دەشڵێت: ئێمە کۆنفرانسى نیشتیمانى دەبەستین و قۆناغى چونەوە سەر ئەو رێچکەیەکەى گۆڕان کە بۆى دروستبوە دەست پێدەکەین کە ئەوەش ئەوەیە؛ بزوتنەوەیەکى جەماوەرى مەدەنى و نا ئایدۆلۆژیە و کاردەکات بۆئەوەى حکومڕانییەک هەبێ وەڵامدەرەوەى داخوازى و پێویستییەکانى خەڵک و پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان بێت.

هەروەک ئەوە دەخاتەڕو کە لەسەر بنەماى ئەنجامەکانى کۆنفرانسى نیشتیمانى سەرکردایەتى و ئۆرگانەکانى بزوتنەوەى گۆڕان نوێدەکرێنەوە "بۆئەوەى وەڵامدەرەوەى داوا رەواکانى خەڵک بین بەوەى هێزێکى مەدەنى و لە بەرەى خەڵک و دژایەتى گەندەڵى بکات، گۆڕان دەبێت ببێتەوە مینبەرێک بۆ کۆکردنەوەى زۆرینەى لایەنەکان، چونکە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێستا لاواز و بێ کاریگەرن".


هەواڵی زیاتر