فەرمان مەجید: تواناى ئەوەمان هەیە لە کۆنفڕانسى نیشتیمانیدا بزوتنەوەى گۆڕان رێکبخەینەوە و بە فۆرمێکى دیکە بێینەوە مەیدانى سیاسى
04/01/2022
ئەندامێکى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان
رایدەگەیەنێت؛ گۆڕان پێویستى بە فۆرمێکى نوێى کارى رێکخراوەیى و هەیکەلیەتێکى نوێ
هەیە، بۆیە بڕیارمانداوە کۆنفڕاسى نیشتمانى ببەستین و تێیدا هەڵسەنگاندنى خۆمان بۆ
ئەداى فراکسیۆنەکانمان و تیمەکانمان لە حکومەتى هەرێم و خۆجێى و ئۆرگانەکانیش بکەین،
تواناى ئەوەشمان هەیە لە کۆنفڕانسدا بەتەواوى بزوتنەوەى گۆڕان رێک بخەینەوە و بە
فۆرمێکى دیکە بێینەوە مەیدانى سیاسى.
فەرمان مەجید، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى
بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى بریارى چون بەرەو ئەنجامدانى دوەم کۆنفڕانسى نشتمانى، دەڵێت:
ئێمە پێشتر بڕیارمان دابو کاریشمان بۆکردبو، بەشێوەیەک لیژنەى باڵاى کۆنفڕانس و
چەند لیژنەیەکى دیکەشمان پێکهێنابو کە بەشێکیان زۆرینەى کارەکانیان کردوە، بەڵام بەهۆى
کۆرۆنا و هەڵبژاردنەکانەوە دواکەوتن، دواى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانیش کە خانەى راپەڕاندن
وەک یەکەم ئەزمونى لەو شێوەیە لە هەرێمى کوردستان و ناوچەکە بەرپرسیارێتیان گرتە
ئەستۆ و دەستیان لەکارکێشایەوە و پێشتر هیچ هێزێکى سیاسى بە ئەندازەى بەرپرسانى
گۆڕان بەرپرسیارێتى شکستیان لە ئەستۆ نەگرتوە، بزوتنەوەى گۆڕان پێویستى بە
پێداچونەوە بو.
لەبارەى کارى ئەو دەستەیەشەوە کە لە جڤاتى
نیشتمانى متمانەى وەرگرت، فەرمان مەجید ئاەوە دەخاتەڕو؛ پێکهاتەى دەستەکە هەمەلایەنەیە
و تێکەڵەیە لە کەسانى نێو ئۆرگانەکان و کەسانێکیش کە ماوەیەک لە دەرەوە بون، کارى
دەستەکە ئەرکى سەرەکى سەرپەرشتى کاروبارەکان و هەنگاونانە بۆ بەستنى کۆنفڕانسى
نیشتیمانى لەگەڵ لیژنەى باڵاى کۆنفرانس و "دەستەکە بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە
دەستورییەیە کە هەمانبوە دواى دەستلەکارکێشانەوەى خانەى راپەڕاندن"
سەبارەت بە بەشداریى گۆڕان لە حکومەت،
ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى دەڵێت: تیمى ئێمە لە حکومەت هەنگاوى کردارى باشیان
ناوە بۆ جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى گۆڕان و ئەنجامدانى چاکسازیی، بەڵام بەربەستەکان
زۆربون و هەندێک بابەت هەر لەسەرەتاوە گرفتیان بۆ دروست بوە لەوانە سندوقى داهاتە
نەوتیەکان و ئەنجومەنى چاکسازیى.
هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەى کار بۆئەوە دەکەن؛
کۆنفڕانسى نیشتمانى وەڵامدەرەوەى خواستى جەماوەرى گۆڕان بێت، چونکە تێیدا پێداچونەوە
بە دەستورى ناوخۆ دەکرێت و هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ بەشداریمان لە حکومەتى هەرێم و
حکومەتى خۆجێیى و ئەداى فراکسیۆنەکانمان و " گۆڕان پێویستى بە فۆرمێکى نوێى
کارى رێکخراوەیى و هەیکەلیەتێکى نوێ هەیە و دەشتوانین بەتەواوى بزوتنەوەى گۆڕان
رێک بخەینەوە و بە فۆرمێکى دیکە بێینەوە مەیدانى سیاسى".