بەڵێن ئیسماعیل: هۆکارێکى قەیران و گرانبونی غاز، ناردنە دەرەوەیەتی بۆ وڵاتانی دیکە

19/01/2022


پەرلەمانتارێکى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ یەکێک لە هۆکارەکانی قەیران و گرانبونی غاز بریتیە لە ناردنە دەرەوەی بۆ وڵاتانی دیکەیە، بۆئەوەش بەڵگەى پێویستمان رادەستى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان کردوە و ئێستا بڕیاردراوە بە راگرتنى (٣٥) تانکەر کە هەوڵ دەدرا لە رێگەى مەرزى باشماخەەوە ببرێتە دەرەوە.

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان لەبارەى قەیرانى نەبون و گرانیی غازى ماڵانەوە رایدەگەیەنێت: دو مانگ زیاترە بە وردیی بەدواداچون و لێکۆڵینەوەمان لەسەر قەیرانی غازی ماڵان و گرانبونی لە بازاردا کردوە و یاداشتمان ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کرد و لە ١٤/١٢/٢٠٢١ بەشداریمان کرد لە کۆبونەوەی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەکان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و بەڵگەی پێویستمان خستە بەردەم بەرپرسانی وەزارەت، بەڵام هیج هەوڵێکی جدی نەدرا بۆ رێکارەکانی نەهێشتنی قەیرانەکە بەتایبەت راگرتنی ناردنە دەرەوەی غاز بۆ وڵاتانی (ئەفغانستان و پاکستان و ئەرمینیا) لە رێگەی مەرزی باشماخەوە.

پەرلەمانتارەکەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات؛ لەگەڵ بەردەوامیی قەیرانەکەدا، دوای گەڕانەوەی هەوڵی جدیمان دا لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتیەکان بۆ رێگریکردن لە ناردنە دەرەوەی غازی ماڵان و "ئێستا نزیکەی ٣٥ تانکەر کە دەکاتە زیاتر لە (٥٥) هەزار بتڵی غازی ماڵان لە مەرزی باشماخ راگیراوە و بریاردراوە کە غاز رەوانەی دەرەوە نەکرێت هەتا پێویستی ناوخۆ بە نرخی گونجاو پڕنەکرێتەوە، بەڵام وەک هەمو دۆسیەکانی دیکە، دەستی حیزب و بەرپرسانی حیزب گەورەتر و بە هێزترە بۆ برەودان بە گەندەڵی و کۆکردنەوەی سەروەت و سامان لەسەر حسابی هاوڵاتیان.

هاوکات بەڵێن ئیسماعیل بەڵگە و ڤیدیۆکانى لەبارەى رەوانەکردنى غاز بۆ دەرەوە و راگرتنى ژمارەیەک تانکەرى غازى لەسەر مەرزەکان بڵاو کردەوەتەوە.


هەواڵی زیاتر