بەڵێن ئیسماعیل: داهاتی نەوت و ناوخۆ رێکبخرێتەوە کێشەیەک نامێنێت بەناوى موچە
31/01/2022
پەرلەمانتارێکى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ داهاتی نەوت و ناوخۆ رێکبخرێتەوە کێشەیەک لە هەرێمی کوردستاندا نامێنێت ناوی کێشەی موچە بێت، بەڵام تا ئەم ساتە ناڕونی و ناشەفافی دۆسیەى نەوت و داهاتى ناوخۆ هەیە و یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی دو ئیدارەیی مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەکەن جگە لەکارى نایاسایی لە دەروازە سنورییەکان دەکرێن، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەوا موچەخۆران هەمیشە لە بەردەم گریمانەی لێبڕینی موچە و دواکەوتنی موچەدا دەبن.
بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات؛ ئەو چاکسازییەی حکومەت بەڵێنی بە خەڵک داوە لە کەرتی نەوت و داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان کە لە قاچاخچێتی و کۆمپانیاکانی خاڵە سنورییەکاندا هەیە ئەگەر ئەنجام بدرێت بەتایبەت لەم کاتەدا کە نرخی نەوت بەرزبۆتەوە وە نرخی دۆلاریش بەرامبەر بە دینار بەرزبوەتەوە، هاوکات بەردەوامیدان بە هاتنى (٢٠٠) ملیارەکەى بەغدا و 27 ملیارەکەی هاوپەیمانان کە ئێستاش هەیە، کێشەی دارایی چارەسەر دەبێت.
بەڵام ئەندامەکەى لیژنەى دارایى ئەوە دەخاتەڕو کە جگە لە داهاتى نەوت، سەرچاوەیەکی دیکەى داهات کە داهاتی ناوخۆیە ناڕون و ناشەفافە و یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی دو ئیدارەیی مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەکەن جگە لەو کارە نایاساییانەی لە دەروازە سنورییەکان دەکرێن و داهاتێکى زۆر ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت.
بۆ چارەسەرى ئەو دۆخەش بەڵین ئیسماعیل دەڵیت: لە دوا کۆبونەوەی پەرلەمان راسپاردەکانی لیژنەکەمان خستە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان، راسپاردەکان پەسەندکراون و رەوانەی حکومەتی هەرێم کران، لەم هەفتەیەشەوە بۆ بە دواداچونی راسپاردەکانمان دەست دەکەین بە بەدواداچونەکانمان، لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەری گشتی باجى هەرێممان بانگ کردوەتە لیژنەکەمان و بۆ هەمان بابەت بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و دەروازە سنورییەکان و بەڕێوەبەری بانکی سلێمانی منارە لە هەولێر بانگهێشت دەکەین بۆ ئەوەی بە وردی باس لە رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ بکەین.