ئاراس وەلی: دەمانەوێت دۆخی هەرێم لە لاوازەوە بۆ بەهێز بگۆڕین

16/02/2019

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری گۆڕان دوپاتی دەکاتەوە کە دەیانەوێت بەو بەرنامە تۆکمەیەی پێشکەشیان کردوە، دۆخی هەرێم لە لاوازەوە بۆ بەهێز بگۆڕن و بژێوی ژیانی خەڵک باش بکەن، دەشڵێت: ئەوەی پەیوەستە بە بڕیاری سیاسییەوە، لەلایەن جڤاتی نیشتیمانییەوە یەکلایی دەکرێتەوە.

ئاراس وەلی ئەندامی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (کەی ئێن ئێن) باسی لە وردەکاری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان گۆڕان و پارتی کرد و وتی: پارتی دیموکراتی کوردستان بە زۆربەی بەرنامە چاکسازییەکەی گۆڕان رازییە و لە کۆبونەوەکەدا کەمترین بەریەککەوتن و خاڵی ناکۆکیان هەبوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ دەکرێت.

پڕۆژەی خۆمان داوەتە پارتی
وتیشی "لە کۆبونەوەکەدا ئێمە پڕۆژەی خۆمان داوەتە پارتی و ئەوانیش پڕۆژەی خۆیان داوەتە ئێمە، ئەوەی بەلای ئێمەوە وەکو پرەنسیپ گرنگە، ئەنجامدانی چاکسازییە کە لەرێگەیەوە بتوانرێت چاکسازی لە سێکتەرەکاندا بکرێت ئەوەش لەرێگەی دانانی خشتەی زەمەنییەوە".

بەوتەی ئاراس وەلی "دەبێت هەنگاو بە هەنگاو چۆنیەتی جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری حکومەت دیاری بکرێت و جگە لەوەش پەرلەمانی کوردستان رۆڵی کاریگەری هەبێت بەسەر حکومەتەوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی کارنامەکەی".

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری گۆڕان جەختی کردەوە لەوەی ئەو هێزە سیاسییانەی بەشداری حکومەت دەکەن، پێویستە بە بەهێزی روبەڕوی قەیرانەکان ببنەوە و بژێوی خەڵک چاک بکەن و هاوبەش بن لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتدا.

جەخت لەسەر نوسینەوەی دەستورێکی باش دەکەین
باسی لەوەشکرد، وەکو بزوتنەوەی گۆڕان جەختیان لەسەر نوسینەوەی دەستورێکی باش کردوەتەوە کە هەمو هێز و لایەنەکان پابەند بکات و دامەزراوەکان بەهێز بکات، هەروەها جۆرە گەرەنتییەکی تێدا بێت کە لەسەر رۆشنایی دەستور چارەسەری کێشەکان بکرێت.

هەروەها بە گرنگی زانی کە هەمو لایەنەکان ئیرادەی بەهێزیان هەبێت بۆ پێکەوەژیان و بونیادنانی وڵات و دروستکردنی سوپایەکی نیشتیمانی کە بتوانێت پارێزگاری لە بەرژەوەندیی تەواوی هاوڵاتیان بکات بەبێ جیاوازی.

سەبارەت بە کۆبونەوەی سێقۆڵیی نێوان گۆڕان و پارتی و یەکێتی، ئاراس وەلی وتی": بە رەسمی بە پارتیمان وتوە کە کۆبونەوەی سێ قۆڵیمان پێ باشە".

بە راشکاوی ئەوەمان راگەیاندوە کە سەردەمی پەنجا بە پەنجا بەسەر چوە

سەبارەت بە رێککەوتنی نوێی نێوان پارتی و یەکێتی، ئاراس وەلی رونیکردەوە، ئەوان رێککەوتنی نێوان ئەو دو هێزەیان پێ باشە، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی خەڵک سەنتەر بێت و جگە لەوەش رێککەوتنی سیاسی نێوان هێزەکانی دیکەشمان پێ باشە، چونکە ئەوە جۆرێک لە سەقامگیریی سیاسی دەهێنێتە کایەوە، هەروەها بە راشکاوی ئەوەمان راگەیاندوە کە سەردەمی پەنجا بە پەنجا بەسەر چوە و ئێستا قۆناغی دروستبونی هێزی دیکە و یەکتر قبوڵکردنە".

بە پێویستیشی زانی کە نوسینەوەی دەستور ببێتە جێگرەوەی سەرجەم رێککەوتنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان و سەقامگیری لە سەرجەم بوارەکاندا بهێنێتە کایەوە.

دو خاڵ بەلای گۆڕانەوە گرنگە
پەیوەست بە کۆبونەوەی رۆژی یەکشەممە (18/2/2019) بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئاراس وەلی باسی لەوەکرد، کە پێویستە کۆبونەوەکە لەسەر ئەو بەرنامەیە بڕوات بەڕێوە کە دیاری کراوە، تاوەکو ئەرکی پێکهێنانی حکومەت ئاسان بکات.

سەبارەت بە هەنگاوی چاکسازیی، ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکار ئەوەی خستەڕو" گۆڕان چەندین قۆناغی تاقیکردوەتەوە، هەم ئۆپۆزسیۆن بون و پێشکەشکردنی دەیان پڕۆژە و پاکێجی چاکسازی، هەم بەشداری لە حکومەت کە دواتر چەندین قەیرانی بەسەردا هات و دەرەنجامەکەی بینرا، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە، گۆڕان پێیوایە چاکسازی لە ناو حکومەتەوە ئاسانترە و باشتر دەکرێت وەک لە دەرەوەی حکومەت، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە چونە حکومەتەوە بەلای گۆڕانەوە، دو خاڵە، یەکەم کارنامەی حکومەت، دوەم چۆنیەتی بەشداری و هاوبەشی گۆڕان لە پڕۆسەی سیاسیی.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە رونی بە پارتی دیموکراتی کوردستانیان وتوە کە گۆڕان بەرکەوتەی (12٪)ی سەرجەم پۆستەکانی دەوێت لە سەرجەم سێکتەر و وەزارەتەکان، سەرباری پۆستە سیادییەکان.

راشیگەیاند؛ بڕیارە رۆژی شەممە جارێکی دیکە پارتی و گۆڕان کۆببنەوە و دواتریش جڤاتی گشتی و نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆ دەبێتەوە بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسی بەشداری یاخود بەشداری نەکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.


هەواڵی زیاتر