عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح: به‌شداریكردنی‌ گۆڕان له‌ حكومه‌ت، چاوپۆشیكردن نیه‌ له‌ بچوكترین گه‌نده‌ڵی‌

16/02/2019

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و
هاوكات ئه‌ندامی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی‌ دیموكراتی‌
كوردستان رایگه‌یاند: له‌ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كدا كه‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌
چاكسازی‌ له‌ بواری‌ دارایی‌ و ئابوری و ژیانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌بێت،
به‌پێویستی‌ ده‌زانن به‌شدار بن و رۆڵیان هه‌بێت، ده‌شڵێت، ئه‌و
به‌شداریكردنه‌ به‌مانای‌ چاوپۆشیكردن نایه‌ت له‌ بچوكترین گه‌نده‌ڵی‌.

له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح رونیكرده‌وه‌: مه‌به‌ستی‌
گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ بابه‌تی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ
ناو لیژنه‌ی‌ ده‌ستور له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان چونكه‌ ده‌ستور شتێكی‌
هه‌میشه‌یه‌.

وتیشی‌: له‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی‌ حكومه‌تدا كه‌
به‌شێكی‌ زۆر پۆستی‌ گرنگی‌ تێدایه‌ و په‌یوه‌ندیی‌ به‌ ژیانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌
هه‌یه‌، گۆَڕان ده‌توانێ رۆڵی‌ كاریگه‌ری هه‌بێت، له‌ رابردوشدا گۆڕان زۆر
باسی‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و خانه‌نیشتنی‌ نایاسایی‌ و بندیوار و
كۆمه‌ڵێك پرسی‌ دیكه‌ی‌ كردوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌پێی‌ رێكه‌وتنێك ئه‌م
به‌رنامه‌یه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، ئه‌وا به‌شداریی‌ گۆڕان به‌ خاڵێكی‌ ئه‌رێنی‌
له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت و ده‌چێته‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گشتییه‌وه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌شداریكردنی‌ گۆڕان له‌ حكومه‌ت به‌مانای‌
چاوپۆشیكردن نیه‌ له‌ بچوكترین گه‌نده‌ڵی‌ له‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی‌ ناو
حكومه‌تی‌ هه‌رێم تا خواره‌وه‌.

هه‌ر له‌باره‌ی‌ ئامانجی‌ گۆڕان له‌ به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌
نۆیه‌می‌ هه‌رێم، عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح وتی‌: ئه‌وله‌ویه‌تی‌ گۆڕان بریتیه‌
له‌ كۆتایهێنان به‌م شێوازه‌ له‌ شپرزه‌یی‌ و ناڕكخراوه‌یی‌ و
نادامه‌زراوه‌یی‌ هه‌ر له‌ هێزی‌ چه‌كدار و خانه‌نشینی‌ نایاسایی‌ و
موچه‌ی‌ بندیوار و كۆمه‌ڵێك پرسی‌ دیكه‌، گۆڕان هه‌گبه‌یه‌كی‌ هه‌ڵگرتوه‌
كه‌ خه‌مه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ تێدایه‌، گفتوگۆی‌ ئه‌مڕۆشمان له‌گه‌ڵ پارتی‌
دیموكراتی‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و پرسانه‌ له‌
به‌رنامه‌ی‌ حكومه‌تدا جێگیر بكه‌ین و بیانكه‌ین به‌ به‌رنامه‌، هه‌ر
لایه‌نێكیش بتوانێت له‌ ئێمه‌ باشتر بكات، پشتیوانیی‌ لی َده‌كه‌ین.

له‌باره‌ی‌ به‌شداریكردن له‌ دانیشتنی‌ رۆژی‌ (18)ی‌ ئه‌م مانگه‌ی‌
په‌رله‌مانی‌ كوردستان عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح وتی‌: ئه‌وه‌ی‌ وامان لێ ده‌كات
به‌شداربین له‌و دانیشتنه‌، به‌رنامه‌كه‌ی‌ خۆمانه‌ خه‌م و پرسه‌كانی‌
خه‌ڵكی‌ له‌خۆ گرتوه‌.


هەواڵی زیاتر