گوڵستان سەعید: بە دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتیەکان و کاراکردنی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و غاز هیچ پاساوێکمان بۆ بەغدا جێنەدەهێشت

02/03/2022

گوڵستان سەعید رایدەگەیەنێت؛ داوای کاراتر کردنی پەرلەمان دەکات بە دەرچواندنی ئەو یاسایانەی رۆڵیان هەیە لە خۆشگوزەرانی و پەرەپێدانی ژیانی خەڵک لەگەڵ بەهێزکردنى دەزگاکانی چاودێری دارایی و دەستپاکی  و دەشڵێت: بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵی داوە داهاتی نەوت شەفاف بێت بە دادپەروەری بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردستان خەرج بکرێت پرسی نەوت بە دامەزراوەیی بکرێت و "بە دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتیەکان و کاراکردنی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و غاز هیچ پاساوێکمان بۆبەغدا جێنەدەهێشت".

دەقى وتارى گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە دانیشتنى رۆژى (1/3/2022)ى پەرلەمانى کوردستان:

سەری ڕێزمان بۆ شەهیدانی گەلی کوردستان نەوی دەکەین
بەرێزان ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان داوای کاراتر کردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لە ئەرکەکانیدا بە دەرچواندنی ئەو یاسایانەی کە ڕۆڵیان هەیە لە خۆشگوزەرانی و پەرەپێدانی ژیانی خەڵک و پرۆسەی سیاسی دا داوادەکەین دەزگاکانی چاودێری دارایی و دەستپاکی بەهێز بکرێت  چاودێری ئەدای حکومەت لە پابەند بونی بەهێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری خۆی کە لەم پەرلەمانە خوێندرایەوە و متمانەی پێدرا  لەسەر بنەمای هەنگاونان بۆ چاکسازی
هەمومان دەزانین ئەو دەستکەوتانەی بەرئەنجامی تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بەدەستهاتون بە هۆی خراپی بەڕێوەبردن هەرێمی کوردستانی خستۆتە بەردەم هەرەشەی لەناوچون بۆیە پەرلەمانی کوردستان ئەرکی گەورەی لە ئەستۆدایە بەداخەوە هەموو وەرزێک ئەم ڕاسپاردە و ڕاستیانە پێشنیار دەکەینەوە بە بێ ئەوەی هەنگاوی کرداری بۆ بنرێ ئاستەنگی بۆ دروست ئەکرێ لەگەڵ ئەوەی لە هەل و مەرجێکی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی داین
ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان پێمان وایە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر پرسی نەوتی هەرێم بڕیارێکی سیاسیە دژی بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردستانە  هەر ناکۆکیەک لە نێوان هەرێم و بەغدا دەرئەنجامی ناشەفافی گرێبەستە نەوتیەکان و داهاتەکەی بوو کە ئەمە بوە دەستپێکی خاڵی ناکۆکی درێژخایەنی هەردولا کە ئەنجامەکەی مایەی نەهامەتی و قەیرانی داراییە بۆ گەلەکەمان لە ڕابردوو ئێستاشدا بزوتنەوەی گۆڕان چەندین هەوڵی داوە کە داهاتی نەوت شەفاف بێت بە دادپەروەری بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردستان خەرج بکرێت پرسی نەوت بە دامەزراوەیی بکرێت لە ڕێی دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتیەکان و کاراکردنی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و غاز کە زۆر خاڵی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدای چارەسەر دەکرد بەمە هیچ پاساوێکمان بۆبەغدا جێنەدەهێشت بۆیە داوادەکەی حکومەت بە بێ دواکەوتن ئەرکەکانی جێبەجێ بکات  لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستانێکی چڕ دەست پێ بکات بە مەبەستی دۆزینەوەی ئالیەتێک بۆ چارەسەری کێشەکان  و ئامادەکردنی یاسایەکی نوێ بۆ نەوت و گاز
دیاردەی تەخشان کردنی زەوی و موڵکی گشتی و کشتوکاڵی ڕێگری لێبکرێ و هیچ کەسێک مافی داگیرکاری نەبێ شوێنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بکاتە پرۆژەی بازرگانی و زەویە نایاب و گرانبەهاکان تاڵان بکرێن
خەڵکی کوردستان دەناڵێنن بە دەست گرانی و قەیرانی نەوت و غازەوە لە کاتێکا کوردستان خاوەنی سامانی نەوت و غازە بۆیە دەبێت ئەو نەوت و غازە سەرەتا هاوڵاتیان لێی سودمەند بن لێی پاشان ئەوەی زیاد دەبێ بە شەفافی هەناردەی دەرەوە بکرێ و داهاتەکەی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بێ و هەلی کاری بۆ گەنجان پێ بڕەخسێنرێ و هیوا و ئومێد بدەنەوە پێیان و ئاشت بکرێنەوە و چارەسەری گرفتەکانی کەرتی تایبەت بکرێ
سیمای دووئیدارەیی ،نەبونی هێزی نیشتیمانی یەکگرتوو، نەبونی دەزگای بەهێزی سیاسەتی دیپلۆماسی هەرێمی لاوازکردوە لەبەرامبەر بەغدادا دەبێ کۆتایی بەولاوازیە بهێنرێ و بەهێز بکرێن
دەبێ حکومەت یاسای بودجە بنێرێ بۆ پەرلەمان و پەسەند بکرێ نبێ لەژێر هیچ بەهانەیەکدا حکومەت ئەم پرۆژە نەنێرێ کە ئەمە زامنی شەفافیەت و دادپەروەریە
حکومەت بڕیاری دا ئەژماری بانکی بۆ موچەخۆران دروست بکات و پاشەکەوتی موچە و موچە نەدراوەکان بگێڕێتەوە تا ئێستا بۆچی هیچ ڕاپۆرتێکی وردەکاریمان دەست نەکەوتوە بۆ خشتەی دانەوەیان
نەبونی دەزگای نیشتیمانی بۆ دانوستاندن لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ پاراستن و بەدیهێنانی مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەری کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان جیبەجێکردنی هەنگاوەکانی ماددەی ١٤٠
ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان لە قەیراندایە خەڵک زیندانی دەکرێ لەسەری کە پێویستە مەودای ئازادی ڕادەربڕین فراوان بکرێ و مافی هاوڵاتیبون پارێزراو بێت
داوادەکەین کۆتایی بهێنرێ بە قۆرخکاری و ڕێگریکردن و دەستتێوەردانی حیزب لە کاروباری حکومەت و پرۆژەکانی وەبەرهێنان و کوالیتی کۆنترۆڵی خۆراک و دەرمان و کەلوپەلی قاچاخ
خراپ کۆکردنەوەی باج و ڕسومات و دەستبەسەراگرتنی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری کەسی و حیزبی کە داهاتەکان بۆ خەزێنەی حکومەت ناگەڕێتەوە و وای لێهاتوە بۆتە حکومەتی کۆمپانیاکان
پێمان گرنگە هەمواری یاسای خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە زوترین کات بکرێتەوە
داوادەکەین یاسای ئەنجومەنی دادوەری و داوکاری گشتی بێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێ
هەمواری یاسای وەبەرهێنان بکرێ
داوادەکەین هەمواری ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە بکرێ


هەواڵی زیاتر