جڤاتی نیشتیمانی، بڕیار لەسەر رێککەوتنی پارتی و گۆڕان دەدات
17/02/2019
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆببێتەوە بۆ
گفتوگۆکردن و بڕیاردا لەسەر رێککەوتنی پارتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکومەت.
پەیامنێری (سبەی)
رایگەیاند: سەعات (5:00)ی ئێوارەی ئەمڕۆ، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان
کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەشنوسی ئەو رێککەوتنەی کە ئێوارەی رابردو لەنێوان
هەردو شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری
لەسەرداوە.
رایگەیاند: دوای
راسپاردنی لیژنەی دانوستان بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی
حکومەتی هەرێم، جڤاتی نیشتیمانی لەسەر ئەو پرسە بڕیاری کۆتایی دەدات، لەسەر
بەشداریی کردن لە حکومەت یان نا.
بەپێی
زانیارییەکان؛ لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا، تەنها گفتوگۆ لەسەر دەرەنجامی
دانوستانەکانی شاندی گۆڕان دەدرێت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی
کابینەی نوێی حکومەت.
ئێوارەی دوێنێ
شەممە، شاندنی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەکۆی
سەرەکی گۆڕان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچو، بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە؛ رێککەوتنى
سیاسی نێوان پارتى و گۆڕان پەسەندکرا و هەردولا لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن:
1- رێککەوتنى سیاسی نێوان پارتى و بزوتنەوەى گۆڕان
پەسەندکرا
2- لە کۆبونەوەکەى (18)ی (2)ى پەرلەمانى
کوردستاندا فراکسیۆنى پارتى و فراکسیۆنى گۆڕان بەشداردەبن.
3- لەسەر شێوازى پێکهێنانى حکومەت گەیشتونەتە
قۆناغى کۆتایى و بەرەوپێشچونى بەخۆیەوە بینیوە
4- پڕۆژەى رێککەوتن
دەبرێتەوە بۆ سەرکردایەتی هەردولا بۆ پەسەندکردنى.