ئەنجومەنی قەزای کفری:تەواوی چین وتوێژەکان لە دەرەنجامی راپەرین و حکومەتی خۆماڵی کوردی بێزار و نیگەرانن

10/03/2022

ئەنجومەنی قەزای کفری بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی ڕاپەرینی شارەکەدا رایدەگەیەنێت: دوای٣١ ساڵ، ئێستا تەواوی چین وتوێژەکان لە دەرەنجامی ڕاپەرین و حکومەتی خۆماڵی کوردی بێزار و نیگەرانن. کێشەکانی خەڵک لە نەبوونی حوکمڕانی تەندروست، خزمەتگوزاری پێویست، مووچە و دادی کۆمەڵایەتی روو لە زیادبوونە.

 

راگەیەندراوی ئەنجومەنی قەزای کفری بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی ڕاپەرینی شارەکەدا
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان..
تێکۆشەرە دێرینەکان..
ھاوشاریانی خۆشەویست..
ئەمڕۆ سی و یەک ساڵ تێدەپەرێت بەسەر ڕاپەرینی جەماوەری کوردستان لەدژی ستەم و زوڵمی ڕژێمی بەعس. کە بەڕابەرایەتی نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری ڕاپەرین و بە جێ بەجێ کردنی پێشمەرگە پارتیزانەکان و خەڵکی بەشەرەفی کفری لە ١٠ ی ئازاری ١٩٩١ بۆ یەکەم جار شارەکە ھەوای ئازادی ھەڵمژی .
لە دوای سی و یەک ساڵ لە ڕاپەرین بەداخەوە ئێستا تەواوی چین وتوێژەکان لە دەرەنجامی ڕاپەرین و حکومەتی خۆماڵی کوردی بێزار و نیگەرانن. کێشەکانی خەڵک لە نەبوونی حوکمڕانی تەندروست، خزمەتگوزاری پێویست، مووچە و دادی کۆمەڵایەتی روو لە زیادبوونە.
ھاوڵاتیانی کفری خۆشەویست ...
ئەم شارە دێرینەی کوردستانمان سەرەڕای ھەموو ئاڵنگاریەکان و زۆری شەھید و قوربانی بە بەراورد بە شارەکانی تری کوردستان پەرواێزخراوترین قەزای ئەم ھەرێمەیە. سامانێکی زۆری سەرزەوی و ژێر زەوی لە نەوت و کانزا و ئاو و شوێنەراو ھەیە، بەڵام لەبەر سیاسەتی ھەڵەی پاوانخوازی حیزب و ھەژمونی بەسەر حکومەت کەمترین خزمەت بە شار و دانیشتوانەکەی کراوە . زۆرترین نەوت لەم سنوورەی ئێمەیە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەش کراوە.
ھەربۆیە خەڵک لە پێناو ئازادی و سەروەری یاسا و باشکردنی بژێوی ژیان ڕاپەرینی کرد، بەڵام ئێستا حکومەتی ھەرێم کە بەرھەمی ڕاپەرین و خوێنی شەھیدانە لە ئاست داواکاری و داخوازییەکانی خەڵک نیە و نەوەی دوای ڕاپەرینیش بە نیگەرانیەوە لە چارەنوسی خۆیان دەڕوانن.
ئەنجومەنی قەزای کفری
بزوتنەوەی گۆڕان
١٠/٣/٢٠٢٢


هەواڵی زیاتر