سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان: سەرۆکایەتى پەرلەمان ساڵێک لەمەوبەر پێشنیازە یاساکەى ئێمەى بخستایەتە بەرنامەى کارەوە، دۆخەکە بە ئێستا نەدەگەیشت
05/04/2022
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان جەخت
دەکاتەوە لەوەى لەگەڵ سازانى نێوان لایەنە سیاسییەکانن تایبەت بە پرسى یاساى
هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان بەوپێیەى رەهەندێکى نیتشیتمانیان هەیە و دەشڵێت:
ئەگەر سەرۆکایەتى پەرلەمان ساڵێک لەمەوبەر پێشنیازە یاساکەى ئێمەى بخستایەتە بەرنامەى
کارى دانیشتنەکانەوە، ئێستا روبەڕوى ئەم قەیرانەش نەدەبوینەوە"
گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى
کوردستان، رایدەگەیەنێت؛ یەکەم فراکسیۆنى پەرلەمان بون کە ساڵێک لەمەوبەر و پێش
ئەوەى دۆخەکە بگاتە ئێستا و ئەم قەیرانەى تایبەت بەو پرسە سەریهەڵداوە، پێشنیازى
یاساییان داوەتە سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردن،
دواتریش نیگەرانیمان گەیاندوەتە دەستەى سەرۆکایەتى لەوەى پێشنیازە یاسا و پڕۆژەکەى
نەخستوەتە بەرنامەى کارى دانیشتنەکانەوە.
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان دەشڵێت: ساڵ و نیوێک لەمەوبەر داواى
چارەسەرى کۆمیسیۆنمان کردوە، ساڵێک لەمەوبەریش پێشنیازە یاسامان ئاڕاستەى دەستەى
سەرۆکایەتى پەرلەمان کردوە بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردن، ئەگەر کار لەسەر پڕۆژە
یاساکەمان بکرایە ئێستا ئەم قەیرانە یاساییەمان نەدەبو بۆ هەڵبژاردن .
هەروەک جەخت دەکاتەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان پێداگرە لەوەى پرسە
نیشتیمانییەکان سازانى نێوان لایەنە سیاسیەکانى لەسەر بێت و وتیشى: بە گرنگى
دەزانین پارتى پابەندى رێککەوتنى سیاسى بێ لەگەڵ گۆڕان کە لە خاڵە سەرەکیەکانى
هاتوە سازانى نیشتیمانى بکرێت لەنێوان لایەنە سیاسیەکان لەسەر یاساى سەرۆکایەتى
هەرێم و یاساى هەڵبژاردن و یاساى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان، بۆیە جەخت دەکەینەوە
ئەم پرسانە پرسى نیشتیمانین و پرسى یەک لایەن و دو لایەن نین، ئێمە جەخت لە گرنگى
سازانى نیشتیمانى دەکەین لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەردو پرسى کۆمیسیۆن و
هەڵبژاردن پێکەوە، چونکە هەرێمى کوردستان لەبەردەم مەترسییە و چەندین قەیران
روبەڕوى هاوڵاتیان بوەتەوە و ناکرێت قەیرانەکان زیاتر بکرێن.