شایان عەسکەرى: زێدەڕۆیی لەسەر ڕێرەوی سروشی ئاو و گیرانى ئاوەڕۆکانى ناو شار هۆکارى ئەو لافاوانانەن کە هاوڵاتیانى هەژار لە هەولێر باجەکەى دەدەن

28/04/2022

پەرلەمانتارێکى کوردستان رایدەگەیەنێت: بۆ رێگریى لە چەند بارەبونەوەى دۆخەى روبەڕوى هەولێر دەبێتەوە لەکاتى بارانباریندا، پێویستە ئەو باڵەخانە و خانوانە لابدرێت کە بە زیادەڕەوى و نایاسایى لەلایەن خاوەن پڕۆژەکانەوە لەسەر رێڕەوى ئاویی هەولێر دروستکراون.

د. شایان عەسکەرى ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان، لەبارەى چەندبارەبونەوەى لافاو و زیانگەیشتن بە هاوڵاتیانى شارى هەولێر، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (گۆڕان) ئاماژە بەوە دەکات کە دروستکردنی خانو و باڵەخانە بە زێدەڕۆیی و پرۆژەکانی نیشتەجێ بون لەسەر ڕێرەوی سروشی ئاو و گیرانى ئاوەڕۆکانى ناو شار بەھۆی بچوکیى و پاشەڕۆی زۆرەوە هۆکارى ئەو دۆخەن کە هاوڵاتیانى هەژار باجەکەى دەدەن، چونکە ئەگەر بەراوردێکی ئێستا بکەین لەگەڵ ئەو ساڵانەی کە ھێشتا پڕۆژەکانی نیشتەجێبون و زێدەڕەوی نەکرابو، لافاوێکی کەم دروست دەبو وە کارەساتیشی لێ نەدەکەوتەوە، بەڵا ئێستا هەر بارانێکى بە خوڕ ببارێت ببارێت، بەھۆی دروست کردنی ئەو ھەمو پڕۆژانەی نیشتەجێ بون و گرتنی ڕێرەوەکانی ئاو، لافاو دروست دەبێت و خەڵک زەرەری مرۆیی و ماددی دەکات.

دەشڵێت: لادانی ھەمو ئەو خانو و باڵەخانە زێدەرۆیانە، دروست کردنەوەی رێرەوی سروشتی، ھەروەھا سزادانی ھەمو زێدەرۆکارەکان بەتایبەتی خاوەنی پڕۆژەی نیشتەجێ بونەکان کە زۆربەیان بەرپرسی حزبین و دەستڕۆشتون، نە زێدەڕۆکان لادەبەن و نە سزاش دەدرێن لەگەڵ بەردەوام پاک کردنەوەی ئاوەڕۆکان، دانانی پلانی پڕۆژەیەکی ھاوچەرخ بۆ گەورەکردن و زیاد کردنی ژمارەی مەجراکان چارەسەرى ئەو دۆخە دەکەن.

پەرلەمانتارەکەى کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات ھەر لایەنێکی حکومی مۆڵەت بدات بە دروست کردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێ بون بێ ئەوەی پێشتر دراسەی شوێنەکە بکات کە ئایا ڕێڕەوی سروشتی ئاو دەگرێت یانا، کەمتەرخەمە، بۆ نمونە دەستەی وەبەرھێنان، وەزارەتی شارەوانی، پارێزگا، دەستەی ژینگە، "وەزارەتی پلاندانان کەمتەرخەمە لەوەی تائێستا پلانێکی ئاوەڕۆی تۆکمە و پێویستی بۆ شارەکە دانەناوە بۆ ئێستا و ساڵانی داھاتو، کە بگونجێت لەگەڵ گەورەبون و قەرەباڵغ بونی شار".

دەشڵێت: کەمتەرخەمی ھەیە لە دیاریکردنی لایەنی کەمتەرخەم و سزادانیان تا ھەڵەکان دوبارە نەبنەوە، تەنانەت ھاوڵاتیان سکاڵاشیان لێ وەرناگیرێ، بۆیە پێویستە وەزارەتی ناوخۆ ھەماھەنگ و ھاوکار بێت، سکاڵای ھاوڵاتیان وەرگرن و کاری لەسەر بکەن، داواکاری گشتی ئەرکیەتی لە خەمی ھاوڵاتیان دا بێت و دۆسیەکە بجوڵێنێت."


هەواڵی زیاتر