گوڵستان سەعید: پەکخستنى پەرلەمان و ئەنجامنەدانى دانیشتنەکان دەرەنجامى ململانێى پارتى و یەکێتییە
09/05/2022
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى
کوردستان رایدەگەیەنێت؛ پەکخستنى پەرلەمان و ئەنجامنەدانى دانیشتنەکان دەرەنجامى
ململانێى پارتى و یەکێتییە و دەشڵێت: ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان جەخت دەکەینەوەى
لەوەى چیتر درێژە بەو دۆخە نەدەن و هەوڵی لێکتێگەیشتن و چارەسەری لۆژیکی نێوان لایەنە
سیاسیەکان بدرێ، بۆ چارەسەر و دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى پەرلەمان گەڕانەوەیە بۆ
ئەو پڕۆژەیەى فراکسیۆنى ئێمە ساڵێک لەمەوبەر و پێش ئەم روداوانە پێشکەشى
سەرۆکایەتى پەرلەمانى کرد بۆ چارەسەرى یاساى هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن.
گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان
لە پەرلەمانى کوردستان، لەبارەى دواین پێشهات و پەککەوتنى دانیشتنەکانى
پەرلەمانەوە لە لێدوانێکدا بۆ سایتى (گۆڕان) ئاماژە بەوە دەکات؛ سەرۆکایەتی پەرلەمانی
کوردستان دو مانگە کارەکانی خۆی بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان هەڵپەساردوە و کۆبونەوە
ناکرێت، ئەوەش دەرئەنجامی ئەو ململانێیەیە کە لە نێوان پارتی و یەکێتی دایە لەسەر
پۆست و پارە و گرفتێکی تریش ئەوەیە کە رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان ناگرن بە هەموو
ڕەنگ و بیرو ڕا جیاوازەکانەوە و لە
بەرژەوەندییەکانى خۆیانەوە بڕیار لەسەر ئەنجامدان یان ئەنجام نەدانی دانیشتنە یاسایییەکانی
پەرلەمان دەدەن کە لەئێستادا دەبو پەرلەمان گرفتی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی بکردایەتە
پێشینەی کارەکانى کە لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە ئێمە وەک یەکەم و تاکە فراکسیۆن پێشنیازی یاساییمان
پێشکەش کردوە، "بەڵام نەکرایە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان تا بەهۆیەوە
کەوتینە ئەو قەیرانەی کە هەیە".
دەشڵێت: بە پێویستی دەزانین پەرلەمان و
سەرۆکایەتیەکەى نەبنە بەشێک لە ململانێکان، بەڵکو فشار لە کۆی هێز و لایەنە سیاسیەکان
بکەن و بیانخەنە سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەری ئەو دۆخە نەخوازراوەی هەرێمی کوردستان
بکەن، ئەو هەمو قەیران و گرفتانەی هاووڵاتیانی تیادان بەهەند وەربگرن و چارەسەری پێویستی بۆ گرفتی داهات و مووچە
و نەبوونی هەلی کار و خراپی ڕەوشی دڵنیایی
پاراستنی هاووڵاتیان لە کوشتن و تاوان و نەبوونی خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی و پەروەردە
و پاراستنی ژینگە و پاککەرەوەکان لە ئەستۆ بگرن".
هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەى ئەو هەوڵەى
ئێستا هەیە بۆ بێ رۆڵ کردنی پەرلەمانە لە چاودێری کردن و بەدواداچون بۆ دامەزراوەکانى
حکومەت و دەرکردنى ئەو یاسا گرنگ و هەنوکەییانەى رەهەندى نیشتیمانییان هەیە.
لەبارەى
هەڵوێستى فراکسیۆنى گۆڕانیشتەوە، ناوەڕۆکى یاداشتەکەى ئەمڕۆى فراکسیۆنەکە دوپات
دەکاتەوە و دەڵێت: ئێمە وەکو فراکسیۆنی گۆڕان پێمان گرنگە چیتر درێژە بەو رەوشە نەدرێت
و دەرگای پەرلەمان داخرێ، دەبێ هەوڵی لێک تێگەیشتن و چارەسەری لۆژیکی نێوان لایەنە
سیاسیەکان بدرێ لە پەرلەمان قەیرانەکە بەهۆی
هەمواری یاسای هەڵبژاردن دروست بو، کە پێشتر ئێمە پرۆژەمان بۆ چارەسەری پێشکەش
کردبو.