جەلال محەمەد: ململانێى پارتى و یەکێتى دو مانگە پەرلەمانى پەکخستوە

10/05/2022

پەرلەمانتارێکى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى ململانێى پارتى و یەکێتى دو مانگە دانیشتنەکانى پەرلەمانى پەکخستوە و دەشڵێت: ئەگەر دەستەى سەرۆکایەتى ئەو پڕۆژەیەى فراکسیۆنى گۆڕانى بخستایەتە بەرنامەى کارەوە کە ساڵى (2021) پێشکەشى کرد، دۆخەکە بە ئێستا نەدەگەیشت و توشى ئەم گرفتانە نەدەبوین.

جەلال محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان لەبارەى دۆخى پەرلەمانى کوردستان و هەوڵەکان بە دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکان، رایدەگەیەنێت؛ ماوەى دومانگە بەهۆى ململانێى سیاسسى پارتى و یەکێتیەوە پەرلەمان کۆنەبوەتەوە و دانیشتن ئەنجام نەدراوە، ئەو بابەتەش کە بوەتە جێى گفتوگۆ و لێکتێنەگەیشتن، هەموارى یاساى هەڵبژاردنە کە ئێمە وەک فراکسیۆنى گۆڕان لە ساڵى (2021) یاسایەکى باش و کاملمان پێشکەشى دەستەى سەرۆکایەتى کردوە بۆئەوەى توشى ئەم دۆخ و گرفتە نەبین کە ئێستا پەرلەمان تێى کەوتوە، بەڵام بەداخەوە دەستەى سەرۆکایەتى پشتگوێى خست و نەیخستە بەرنامەى کارەوە.

دەشڵێت: ئەم مامەڵەیەى دەستەى سەرۆکایەتى دوبارە پەکخستنى پەرلەمانە، بەشێواز و جۆرێکى دیکە و بەداخەوە نیەتێکى جدى لەلایەن پەرلەمانتارانى فراکسیۆنەکانى دیکەشەوە هەست پێناکرێت بۆ فشارى جددى بەو ئامانجەى پەرلەمانى کوردستان دەست بە کارەکانى بکاتەوە لەم دۆخە قەیراناویەدا .

هەروەک ئەوە دەخاتەڕو کە جگە لە پڕۆژە یاساکەیان، تەنها لەم دو مانگەدا کە دانیشتنەکانى پەرلەمان پەکخراوە زیاد لە نۆ یاداشتیان پێشکەشى دەستەى سەرۆکایەتى کردوە بۆ چارەسەرى کیشەکان و دەستپێکردنەوەى دانیشتەکان و بەدەمەوەچونى داواکارى خەڵک و شەقام و موچەخۆران.


هەواڵی زیاتر