جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی پەسەند کرد
18/02/2019
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو
رێککەوتنەی پەسەند کرد کە شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەکە و شاندی پارتی
دیموکراتی کوردستان واژۆیان کرد.
کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان کۆتایی
هات و لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی راسپاردەکانی جڤاتی گشتی کرا و دوای
گفتوگۆکردن لەسەر رەشنوسی ئەو رێککەوتنەی شاندی هەردولا لە کۆبونەوەکانی
رابردودا گەڵاڵەیان کردبو، بە کۆمەڵێک سەرنج و تێبینییەوە کە ئاڕاستەی
شاندی دانوستانکاری گۆڕان کرا، رێککەوتنەکە پەسەندکرا.
ئاراس وەلی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی
بزوتنەوەی گۆڕان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا، جڤاتی
نیشتیمانی سەرجەم ئەو ئەنجامانەی پەسەند کرد کە شاندی دانوستانکار پێیگەیشتوە، بە
هەندێک تێبینی و سەرنجەوە.
وتیشی :"فراکسیۆنی گۆڕان بەشداریی لە
کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا دەکات بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بتوانین
بگەینە قۆناغێکی دیکەی تێگەیشتن و حکومەتێک پێکبهێنین کە لە ئاستی خواست و
داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێکاری بەرنامەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان
بێت".
ئێوارەی رۆژی شەممە، شاندنی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەکۆی
سەرەکی گۆڕان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچو، بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە؛ رێککەوتنى
سیاسی نێوان پارتى و گۆڕان پەسەندکرا و هەردولا لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن:
1- رێککەوتنى سیاسی نێوان پارتى و بزوتنەوەى گۆڕان
پەسەندکرا
2- لە کۆبونەوەکەى (18)ی (2)ى پەرلەمانى
کوردستاندا فراکسیۆنى پارتى و فراکسیۆنى گۆڕان بەشداردەبن.
3- لەسەر شێوازى پێکهێنانى حکومەت گەیشتونەتە
قۆناغى کۆتایى و بەرەوپێشچونى بەخۆیەوە بینیوە
4- پڕۆژەى رێککەوتن
دەبرێتەوە بۆ سەرکردایەتی هەردولا بۆ پەسەندکردنى.