بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی لەبارەی گوزەرانی خەڵک و دۆخى چەقبەستوى سیاسییەوە هۆشداریی دەدەن
17/05/2022
بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی
كوردستان هۆشداریی دەدەن لە دۆخی چەقبەستوی سیاسی و جەخت دەکەنەوە لە پێویستی
لابردنی ئەو بەربەستانەی كە لەبەردەم لێكنزیك بوونەوەی لایەنەكانە.
ئەمڕۆ سێشەممە وەفدێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی رزگار
عەلی، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەكتەبی
سیاسی سەركردایەتی ئەو حیزبە، سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد لە
سلێمانی و لەگەڵ وەفدێکی جڤاتی نیشتیمانی کۆبونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان و
عێراق، ژیان و گوزەرانی دژواری هاوڵاتیانی كوردستان و موچەخۆران گفتوگۆیان
لەبارەوە كرا.
هەردوولا جەختیانكردەوە دۆخی چەقبەستوی سیاسی نێوان
لایەنەكان، پێشهاتێكی مەترسیدارە بۆ تێكدانی یەكریزی نیشتمانی و تەبایی سیاسی نێوان
لایەنەكان و پڕۆسەی سیاسی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە هەرچی زوە دەبێت ئەو
بەربەستانەی كە لەبەردەم لێكنزیك بوونەوەی لایەنەكانە لاببرێن، و پرسی هەمواركردنەوەی
یاسایی هەڵبژاردنەكان كە بوەتە خواستێكی جەماوەری و گشتگیر لەسەرانسەری
هەرێمی كوردستاندا، هەڵوێستی هاوبەشی نیشتیمانی بۆ گەڵاڵە بكرێت و دەستکەوتەکان
بپارێزین.