فراکسیۆنی گۆڕان: پێداگری لەسەر سیاسەتی عەقڵانی نەوشیروان مستەفا دەکەینەوە

19/05/2022



فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پێنجەم ساڵیادی کۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بەڵێن نوێ دەکاتەوە سور بن لە پابەندبونمان بەو چەمکانەوە کە گۆڕانی لە پێناودا دامەزراند و رایدەگەیەنێت؛ تێدەکۆشین بۆ بە دامەزراوەیی کردنی دەزگا شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان، هەمیشە لە سەنگەری دژ بە گەندەڵی دەبین و کار دەکەین بۆ چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بەرجەستەکردنی شەفافیەت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (19/5/2022)، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەپەیامێکدا کە لە پێنجەم ساڵیادى کۆچى دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا سەرکردەى نیو سەدە لە خەباتى گەلى کورد بڵاوى کردەوە دەڵێت: دەبێت ئەم یادە بکەینە سیمبولی گۆڕانکاریی تێکشکاندنی هەمو ئەو شێوازانەی رێگری دەکەن کە کۆمەڵی کوردەواری لە هەمو بوارێکدا بچێتە قۆناغێکی باڵاتر.

دەقی پەیامەکەی فراکسیۆنی گۆڕان

پەیامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ یادی پێنجەم ساڵەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا

بۆچی پێویستە یادی بکەینەوە!!
نامانەوێ یادی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا رابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، بە نەریت گەرایی بکرێتەوە بەڵکو دەبێت ئەم یادە بکەینە سیمبولی گۆڕانکاریی تێکشکاندنی هەمو ئەو شێوازانەی رێگری دەکەن کە کۆمەڵی کوردەواری لە هەمو بوارێکدا بچێتە قۆناغێکی باڵاتر، ئەو لە بەشداریکردنی لە خەباتی پەنجا ساڵەی جوڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا وەکو بیرمەند و سەرکردەیەکی دەگمەن، وەک رۆژنامەنوس و سیاسییەکی لێهاتوی ئەو سەردەمە، بەشداری کارای کردوە لە سەرکەوتنی گەلەکەمان لە وەرچەرخانە مێژوییەکانیدا، بە تایبەت لە راپەرینی خەڵکی کوردستان بەرنامە داڕێژەر بوە، تێکۆشاوە بۆ ئازادی و بڕیاردان لە مافی چارەنوسی گەلەکەی دژی داگیرکەران.

بۆ نوسینەوەی دەستور و چەسپاندنی مافەکانی گەلەکەمان و نیشتیمان، خاوەن ڕوانگە و ستراتیجی پێویست و قوڵ بوە، لەناو سەرکردەکانی جوڵانەوەی رزگاریخوازیدا تایبەتمەندی و خەسڵەتی یەکلاکەرەوەی بۆ بڕیاردان لە پرسە چارەنوسسازەکاندا هەبوە، بۆ دژایەتی گەندەڵی و بۆ وەستانەوە لە دژی کاری دزێو و خاوەن بەرنامە و هزری فراوان بوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک بۆ گۆڕانکاریی و چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەتی دامەزراوەیی خاوەن مانفێستی گۆڕانە، هەر لەو پيناوەدا یەکەم بزوتنەوەی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی دامەزراند و ناوی لێنا بزوتنەوەی گۆڕان و بەمە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان گەیاندە قۆناغێکی باڵا و کامڵ تر، لای ئەو نوێنەرانی گەل بۆ داکۆکی لە ماف و خەمی هاوڵاتی پێشمەرگەی ریزی پێشەوەن ئێمەش خۆمان بە درێژەپێدەری ئەو پێناوە دەزانین.

لەم یادەدا سەری رێز بۆ گڵکۆی ئەو سەرکردە دەگمەنە نەوی دەکەین و بەڵێن نوێ دەکەینەوە؛ سور بین لە پابەندبونمان بەو چەمکانەوە کە گۆڕانی لە پێناودا دامەزراند تێدەکۆشین بۆ بە دامەزراوەیی کردنی دەزگا شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان، هەمیشە لە سەنگەری دژ بە گەندەڵی دەبین و کار دەکەین بۆ چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بەرجەستەکردنی شەفافیەت، جەختدەکەینەوە لە فراوانکردنی مەودای ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەنوسی و خەباتی مەدەنی و بەدیهێنانی ئاشتی و داکۆکیکردن لە مافی هاوڵاتیبون و پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان.

لەم پێناوەدا گۆڕان پێداگری لەسەر سیاسەتێکی عەقڵانی دەکات و دژایەتی توندی پۆپۆلیستی و گەوجاندنی خەڵک لەلایەک و لێک جیانەکردنەوەی بازرگانی و سیاسەت لە لایەکی تر دەکات، بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان لەسەرو هەمو پرسێکی تر و بەرژەوەندیەکی تایبەت دەبینێت.
  فراکسیۆنی گۆڕان
2022/5/19


هەواڵی زیاتر