سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان: ئەو پرس و یاسایانەى رەهەندى نیشتیمانییان هەیە دەبێت کۆدەنگى و یەکڕیزى لەسەربێت

24/05/2022

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ئەرکی پەرلەمانە پرسە گرنگە نیشتیمانیەکان چارەسەر بکات و ئەو پرس و یاسایانەش کە رەهەندى نیشتیمانییان هەیە دەبێت کۆدەنگى و یەکڕیزى لایەنە سیاسییەکانى لەسەربێت، دەشڵێت: ئێمە وەک فراکسیۆنى گۆڕان پێشنیازەیاسا و یاداشتمان هەبوە بۆئەوەى دۆخى پەرلەمان بە چەقبەستویی نەمێنێتەوە و ئێستاش وەک لایەنێکى سیاسی پێشوازی لەهەر هەوڵێک دەکەین بۆ پێکهاتنى لایەنەکان و چارەسەرکردنى کیشەکانى خەڵک.

گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لەبارەى هەوڵەکان بۆ کۆبونەوەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى پەرلەمان بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەرکى پەرلەمانە هێز و فراکسیۆنە جیاوازەکان بێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ و رۆڵی نوێنەرایەتی و یاسایی و مەرجەعیەتی خۆی بگێڕێت کێشەکان چارەسەر بکات، لەماوەى رابردوشدا چەند یاداشتێکمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد داوامان کرد پەرلەمان خۆى نەبێ بە کێشە، بەڵکو ببێتە چارەسەرى کێشەکانى خەڵک و ئێستا خۆشحاڵین هەوڵێک بەو ئاڕاستەیە دەستیپێکردوە.

وتیشى: وەک فراکسیۆنى گۆڕان پێداگرى دەکەین ئەو پرسانەى نیشتیمانین سازان و لێکتێگەیشتن و کۆکبونى لایەن و فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى لەسەربێت، لەناویدا هەمواری یاساکانى هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان کە ئێمە زیاتر لە ساڵێکە و پیش ئەوەى دۆخەکە بەم ئاستەنگانەى ئێستا بگات پێشنیازەیاسامان پێشکەش کرد بۆ چارەسەر، بەڵام لەلایەن دەستەى سەرۆکایەتیەوە کارى لەسەر نەکرا.

هەروەک جەخت لە پێویستى کاراکردنى پەرلەمان دەکاتەوە بۆئەوەى رۆڵ ببینێت لە چارەسەرى کێشەى کۆکردنەوەى داهات و پرسى موچە و گوزەرانى خەڵک و نەهێشتنى نایەکسانى جوگرافى لە پڕۆژە و کاروبارەکان و یاساى چاکسازى کە ئێستا پێویست بو ڕاپۆرتی سێیەم لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکە لەلایەن حکومەتەوە رەوانەى پەرلەمان بکرایە.


هەواڵی زیاتر